دیمەنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی _ وێنە: 964
سەرپێچی مەکەن و بڕیارە
لە سلێمانی نەشتەرگەریی چەوری ورگ و کێش دابەزاندن راگیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی فەرمانی کرد، نەشتەرگەری لابردنی چەوی ورگ و نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی كێش، لە هەموو نەخۆشخانە حكومی و ئەهلیەكانی سلێمانی بە کاتی رابگیرێ.
نوسراوێک لە تەندروستی شارەکەوە دەرچووە و واژۆی بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، ئاڕاستەی سەرجەم نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە و سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلییەکان کراوە.
نوسراوەکە ئەمڕۆ 23.4.2025 دەرچووە، کە تێیدا بڕیاردراوە بە راگرتنی هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەری لابردنی چەوری ورگ و نەشتەرگەری تایبەت بەدابەزاندنی كێش لەهەموو نەخۆشخانە حكومی و نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بۆ ماوەیەكی كاتی تاوەكو بە هەماهەنگی سەندیكای پزیشكانی كوردستان و كۆمەڵە پزشیكیەكان رێنمایی نوێی تایبەت بەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەكرێن.
لە نوسراوەکەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاگاداری هەموو نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەتی كردەوە هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی كێش و لابردنی چەوری بوەستێنن، ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندی گشتی تاوەكو بەنوسراوێكی تر ئاگاداریان دەكەنەوە، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچی كار دەگیرێتەبەر.
ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە، ژنێک لە کاتی نەشتەرگەری جوانکاریدا شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 23.4.2025، گیانی لە دەستدا، بەپێی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، ئەو ژنە لە دایکبووی ساڵی 1989 بووە و لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و نەشتەرگەری جوانکاری کردووە، لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا گیانی لەدەستداوە.