بە پەمپێکی شین نوسیوویانە ئەم ماڵە جنی تێدایە
دەنگۆی بوونی جن لە ماڵێکی خانەقین هەڵایەکی گەورەی دروست کردووە
964+
راژان باجەلان – خانەقین
لە گەڕەکی حەمیدییەی خانەقین، لە نێو کوچە تەسک و دەرگا نیمچە شکاوەکان لەو کاتەی دیوارە لارەکان شەڕی مان و نەمان دەکەن، دەنگۆیەکی بچووک، هەڵایەکی گەورەی دروست کردووە.
ئەم منداڵانە، لە ناوەڕاستی شاری خانەقین کە کوچە و ماڵەکانی تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵیان هەیە و بەشێکی ماڵەکان بوون بە کەلاوە، رۆژانە بە پاسکیل و تۆپی پێ یاری دەکەن.
بەڵام، رۆژێک تۆپەکەیان دەکەوێتە ماڵێکەوە، دەچن بیهێننەوە سەیر دەکەن تۆپ تەقیوە و دەنگ و هاواری نامۆ لە ماڵەکەوە دێت، ئەوانیش مەوزوعەکەیان لەلا ئاسایی نابێ، هەر کو دێنە دەرەوە لەسەر دیواری ماڵەکان بە رەنگێکی شین دەنووسن، جنی تێدایە.
ئەو کارەی منداڵەکان بووە بە رێنوێ بۆ زۆر کەس، خەڵک دەترسن و ناچنە ماڵەکەوە، گەرچی کارەکەشیان لەلای بەشێک لە خەڵک وەک بابەتێکی گاڵتە سەیر دەکرێ، لەگەڵ ئەوەی ئەوان زۆرجار بۆ میوە خواردن و بەرهەمی دارەکان تاق بە تاق و کوچەی کۆڵانەکان دەگەڕێن، بەڵام حوکمەکەیان لەسەر بوونی جن لە ماڵەکەدا تائێستا ئاسایی تێپەڕێوە.
بەو پێیەی ئەوان لە تەمەنێکی کەمدان و خاوەن خولیا و هەستی منداڵین، زۆرجاریش وەرگری چیرۆکن لە گەورەکانەوە، ئەم ئیشەیان وا دەخوێندرێیەوە خەیاڵێک بێت و بۆیان دروست بووبێ، ئەمە قسەکانی دەرونناسێکە کە بەم چیرۆکە ئاشنامان کرد.
سەرەڕای ئەو چیرۆکە و بڵاوکردنەوەی دەنگ و باسی جنەکان لە گەڕەکەکە، بەڵام موستەفا و محەمەد بێ گوێدانە نووسینی سەر دیوارەکە، ئێستاش دەستبەرداری ئەم ماڵە کۆنانە نەبوون و هەموو ئێوارانێک گوزەرێک بەناو ئەو شوێنانە دەکەن، وەک بڵێی جنەکان تەنیا بەشەوان دەردەکەون و بەرۆژیش گۆڕەپانەکەیان بۆ ئەوان چۆڵ کردووە، چەندین نوسینی دیکەش لە کوچە و کۆڵانەکان هەن، بەڵام ئیدارەی شارەکە نە بەدوای چووە و نە هیچ تیمێک بۆ کوژاندنەوەیان راسپێردراون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا