"دوو منداڵ ئاگریان کردووەتەوە و تەشەنەی سەندووە"
لە گەڕەکی شادی هەولێر دوو دوکان سووتان
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە گەڕەکی شادی هەولێر ئاگر لە چەند دوکانێکی ژێر باڵەخانەیەک کەوتەوە و بەهۆیەوە دوو دوکان سووتان.
وەلید جەوهەر شایەتحاڵ و دراوسێی ئەو دوکانانە بە 964ـی وت، “لە کەپرێکی نزیک ئەو باڵەخانەیە، دوو منداڵ ئاگریان کردووەتەوە، بەهۆی ئیزۆگامی ئەو باڵەخانەیە، ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و ئەو دوو دوکانە سووتاون.”
وتیشی، تیمەکانی بەگری شارستانی بەخێرایی گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە لە ماوەی 15 خولەکدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
وەلید جەوهەر باسی لەوەشکرد، ئەو دوو دوکانە خواردنگە بوون و خواردنی خێرای سورییان فرۆشتووە و سێ کەسی خەڵکی سوریا کاری تێدا دەکەن.
سەبارەت بەو رووداوە، شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر به 964ـی وت، “تا ئێستا زەرە و زیانەکانی ئاگرەکە نەزانراوە و لیژنەیەکی هونەریمان پێکهێناوە و دوای وەرگرتنی راپۆرت لەو لیژنەیە، زەرەر و زیانەکان ئاشکرا دەکەین”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری