دیمەنێک لە فرۆشتنی مریشک لەسەر شەقامێکی گشتی _ وێنە: 964
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان
“با حكومەتی هەرێم رێگە نەدات خاوەن كێڵگەكان زەرەر بكەن”
+964
دیلان محەمەد جەزا
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی داوا دەکات لایەنە حکومییەکان پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆیی بکەن و رێگە نەدەن دژایەتی بەرهەمەکانیان بکرێت، دەشڵێت هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەكەن بۆ چارەسەركردنی داخستنی رێگای ناوەڕاست و باشوور بە رووی بەرهەمەكانیان.
نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا بە 964 وت، نرخی مریشک لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردن کیلۆی بە دوو هەزار دینار دەخرێتە بازاڕەکان، بەوەش هەموو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە زیاندان.
باسی لەوەش کرد، لە ماوەی مانگی رەمەزاندا زۆرێک لە لایەنەکان ئەوەیان بە رەوا نەدەزانی نرخی كیلۆی مریشک ببێتە سێ هەزار دینار، هەڕەشەی داخستنی رێگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیان دەکرد، لە کاتێکدا ئەو رێگایانە لەلایەن بازگەکانی حکومەتی عێراقەوە داخراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای هەفتەی ئایندە سەردانی بەغداد دەکەنەوە و داوا لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەدەم کێشەکەیانەوە بچن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش چاوێک بە بەروبوومی ناوخۆدا بخشێنێتەوە و رێگە نەدەن چیتر خاوەن پرۆژەکان تووشی زیان ببن.
لە ماوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز و تا رۆژانی جەژنیش، نرخی یەك كیلۆ مریشك بە سێ هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ نرخەكەی بە دوو هەزار و 600 دینار دەفرۆشرێت، بۆ ئەمەش كێڵگە پەلەوەرییەكان خۆیان بە زەرەرمەند دەزانن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا