نزیكه‌ى 3000 خان‌و ده‌بێت
دوا مۆڵه‌تى تاپۆكردن ده‌درێته خاوه‌ن خانووه زێده‌ڕۆییه‌كانى ناحیه‌ى پردێ
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ماوه‌یه‌كه شاره‌وانى ناحیه‌ى پردێ كار له‌سه‌ر تاپۆكردنى ئه‌و خانوانه ده‌كات كه به‌شێوه‌ى زێده‌ڕۆ له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانى شاره‌وانى و كشتو‌كاڵى دروستكراون، پێشتر بانگه‌وازى بۆ كردوون سه‌ردانى شاره‌وانى بكه‌ن، ئێستا دوا ئاگادارى داوه‌ته ئه‌و خاوه‌ن خانوانه‌ى كه تاوه‌كو ئێستا سه‌ردانیان نه‌كردووه.
خانوه زێده‌ڕۆییه‌كان كه‌وتوونه‌ته گه‌ڕه‌كه‌كانى، كوردستان، تسعین، رزگاری، بیوك كوبری، ئازادی و راپه‌ڕین.
شاهین خالید به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى شاره‌وانى پردێ به 964ـى وت، ژماره‌ى خانوه زێده‌ڕۆییه‌كان نزیكه‌ى سێ هه‌زار خان‌و ده‌بێت و تاوه‌كو ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆرى ئه‌م خاوه‌ن خانوانه به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌یان نه‌هاتوون كه ناویان تۆمار بكرێت.
وتیشی “له‌قۆناغى یه‌كه‌مدا ناوى ته‌واوى ئه‌م خاوه‌ن خانوانه تۆمار ده‌كه‌ین و له‌قۆناغى دووه‌میشدا ده‌ست به رێكاره‌كانى تاپۆكردنیان ده‌كه‌ین”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر له‌كاتى دیاریكراودا ئه‌و خاوه‌ن خانوانه سه‌ردانان نه‌كه‌ن و ناویان له‌و لیسته‌ى تۆمار نه‌كه‌ن ئه‌وا له تاپۆكردنى خانووه‌كانیان بێبه‌ش ده‌كرێن.