هێزێکی سوپای عێراق لە ناوچەکانی سەرگەڕان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە کاتی کێڵانی زەوی
هێزێک لە گوندی شەناغە جوتیارێک دەستگیر دەکەن و تراکتۆریش دەبەن
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە گوندی شەناغەوە زانیاری ئەوە گەیشتووە بە پەیامنێری 964 کە هێزێک لە سوپای عێراق جوتیارێکیان دەستگیرکردووە و چوار تراکتۆری جوتیارانی گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان-یان دەست بەسەرداگرتووە.
روواداوەکەی ئەمشەو لەو ناوچەیە، هەمان ئەو چیرۆکە دەخاتەوە یاد، کە هێزێک لە کاتی کێڵانی زەوی بە ملپێچەکەی ملی، نوێنەرێکی جوتیارەکانیان لەسەر تراکتۆرەکەی راکێشا، ماوە ماوە ئەم گرفتە دەبێتەوە بە تووش ئەو جوتیارە کوردانە.
محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی گوندی شەناغە بە 964ـی وت، “ئەمشەو چوار جوتیاری گوندەکە سەرقاڵی کێڵانی زەویەکانیان بوون و لەپڕ هێزێک لە سوپای عێراق داویەتی بەسەریاندا، یەکێک لە جوتیارەکانی دەستگیرکردووە و دوو تراکتۆریشی بردووە لەگەڵ خۆیان بۆ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان و دوو تراکتۆرەکەی دیکە لە گوندەکە دانراون، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە بێن ئەو دوو تراکتۆرەی دیکەش ببەن”.
بە قسەی ئەو نوێنەرە، سوپای عێراق داوای کردووە ئەو سێ جوتیارەی دیکە کە تراکتۆرەکانیان جێهێشتوە و هەڵاتوون سبەینێ خۆیان رادەستی پۆلیس بکەن.
نوێنەرەکەی جوتیارانی شەناغە لەسەر ئەو زەوییەی کە هێزەکە لەپڕ بۆی هاتوون وتی، “ئەو پارچە زەوییە هیچ کێشەی یاسایی لەسەر نییە، بە یاسا لە ساڵی 2021 دراوەتەوە بە خاوەنە شەرعیەکەی، کەچی سوپای عێراق هەڵیکوتاوەتە سەر گوندەکە و چوونە سەر زەوییەکە”.
لە رۆژی 17ـی شوباتی ئەمساڵ جارێکی دیکە سوپا هەڵیکوتایە سەر ئەو گوندە، بەهۆیەوە کێشە و ئاڵۆزی لەنێوان جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان و سوپای عێراق دروستبوو، کار گەیشتە ئەوەی پەلاماری نوێنەری جوتیارانی ناحیەکە بدەن و بە ملپێچەکەی ملی رایبکێشن، تاوەکو ئێستاش ئەو دۆسیەیە لە دادگای دوبزە و ئەو سەربازەی پەلاماری جوتیارەکەشی داوە، دەستگیر نەکراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا