پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری لێ دەکرێت
کیلۆیەک گۆشت لەناو بازاڕی سلێمانی بوو بە 20 هەزار دینار
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور لەناو بازاڕی سلێمانی بۆ 20 هەزار دینار بەرز بووەوە. چاودێریی بازرگانی سلێمانی ئاگادارە و دەڵێت هیچیان پێناکرێت.
بە پێی سۆراغی تۆڕی964، گۆشتی سوور لە کوشتارگەکان بۆ هەر کیلۆیەک زیاتر لە سێ هەزار دینار گرانبووە، هۆکارەکەشی کەمبوونەوەی هاوردەی ئاژەڵی دەرەکییە.
ئاسۆ عومەر، وتەبێژی بازاڕی گۆشتفرۆشانی سلێمانی بە تۆڕی964ی وت، گرانبوونی گۆشت وایکردووە ئەو نرخە بەرز بکەینەوە، چونکە ئەگەر وا نەکەین زەرەر دەکەین و ناتوانین مایەی خۆشمان پەیدا بکەینەوە.
بە وتەی ئەو، گرانکردنی نرخی گۆشت خواستی کڕینی گۆشتی لەلایەن هاوڵاتییانەوە کەمکردووەتەوە.
بەدواداچوونەکانی تۆڕی964 دەریانخستووە، لەناو گۆشتفرۆشەکانی دەرەوەی ناو بازاڕیش کیلۆیەک گۆشت لەهەندێ شوێن 19 هەزار و لە هەندێک شوێنی دیکەش 20 هەزار دینارە.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری یەکەی چاودێری بازاری سلێمانی بۆ تۆڕی964ی روونیکردەوە، ئەوان ئاگاداری گرفتەکەن چونکە لە نوێترین ئاماردا پێیانوتووین یەک کیلۆ گۆشتی ئاژەڵ لە قەپاندا بۆ نۆ ھەزار دینار بەرزبووەتەوە.
بە وتەی سۆران غەفور، ئەگەر ھەیە نرخی گۆشت لەو نرخەی ئێستای زیاتر بەزر ببێتەوە، دەشڵێت: ئێمە ناتوانین لەمکاتەدا پابەندیان بکەین کە کیلۆیەک گۆشت بە 18 ھەزار بفرۆشن، بەڵکو کارمان بۆ ئەوەیە یەک کیلۆ بە 20 ھەزار دینار جێگیر بکەین و گرانتر نەبێت.
پێدچوونەوەی: پێشەوا محەمەد