بەڵێندەری بەشە خۆراکی نەخۆشخانەکانی زاخۆ دەستگیرکرا
"بەتۆمەتی گەندەڵی و فێڵکردن"
بەڵێندەری بەشە خۆراکی نەخۆشخانەکانی زاخۆ دەستگیرکرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بە تۆمەتی گەندەڵی و فێڵکردن لە ژەمە خۆراکی نەخۆشەکان، بەڵێندەری بەشە خۆراکی نەخۆشخانەکانی زاخۆ دەستگیر کرا.
دوای ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر لەو نەخۆشانەی دەچوونە بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکانی زاخۆ، لەسەر ژەمە خۆراکی نەخۆشەکان، دەستەی دەستپاکی بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و بەپێی چەند بەڵگەیەک، بەڵێندەری دابینکردنی خۆراک بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو شارە دەستگیر کرا.
بەپێی بەدواداچوونی 964 دەرکەوتووە کە بەڵێندەرەکە وەک پڕۆژە بەشە خۆڕاکی نەخۆشەکانی لە کۆمپانیایەک وەرگرتبوو، دوای ماوەیەک ئاشکرا بووە کە بەڵێندەرەکە لەگەڵ ژمارەیەک کارمەندی خۆی، فێل و ساختەکاری لە بەشە خۆراکی نەخۆشەکان کردووە، بو نموونە ئەگەر بۆ ژەمی بەیانییەک 60 نەخۆش لە نەخۆشخانە بووبن، بەڵێندەرەکە تێچووی دووهێندە و هەندێک جار زیاتریشی نووسیوە و بەوشێوەیە زیاتر لە 400 ملیون دینار گەندەڵی کردووە.
د. سیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی زاخۆ زانیارییەکانی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، “چاوەڕێی کوتا بڕیاری دادگاین بۆ ئەوەی بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە”.
سەبارەت بەو پرسە سەرچاوەیەکی باڵا لە دادگای زاخۆ بە 964ـی وت، ” کەیسی بەڵێندەرەکە ئێستا لە دادگای زاخۆیە و سێ رۆژە بەڵێندەرەکە دەستگیرکراوە، بەپێی ئەو ڤیدیو و بەڵگانەی دەستمان کەوتووە بەڵێندەرەکە گەندەڵی کردووە، بەڵام کوتا بڕیاری دادگا ماوە”.
964 زانیویەتی کە لەگەڵ ئەو بەڵێندەرە، 28 کارمەندیشی دەستگیر کراون، بەڵام ئەوان بەکەفالەت ئازاد کراون و ئێستا تەنیا بەڵێندەرەکە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری