داواكارییەكانیان چی بوون؟
كرێكارانی كارگەی چیمەنتۆی ماس گەڕانەوە سەركار
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت كاتژمێر، كرێكارانی كارگەی چیمەنتۆی ماس لە قەزای بازیان مانیان گرتبوو، بە جێبەجێكردنی چەند داواكارییەك گەڕانەوە سەركار.
كرێكارەكان كارمەندی بەشی باركردن بوون، كە بەشێكی كاریگەری كارگەكەن، لەدەستپێكی دەوامی ئەمڕۆ یەكشەممەوە مانیان لەكاركردن گرت و بە تەواوی جموجۆڵ و گواستنەوەی چیمەنتۆ بۆ دەرەوەی كارگەكە پەكی كەوت.
لەبارەی داواكارییەكانیان، كاروان ئەحمەد كارمەندی بەشی باركردنی كارگەكە بە 964ی وت، ماوەی سێ مانگە، داوا لە بەڕێوەبەرانی كارگەكە دەكەین ژەمە خواردنی نیوەڕۆمان پێبدەن، یان لەبری ئەوە ئەو بڕە پارەیەی كە لەبری خواردن پێمانی دەدەن، بۆمان زیاد بكەن، بەڵام بەهیچ جۆرێك وەڵامێكی ئەرێنیان نەدەداینەوە، بۆیە ئەمڕۆ بە كۆی گشتی بڕیارماندا كاركردن بوەستێنین و قایشی باركردنی چیمەنتۆی كارگەكەمان راگرت.
“ژمارەمان 63 كرێكارە و تا بەشێك لە داواكارییەكەمان بۆ جێبەجێنەكرا نەگەڕاینەوە سەركار، دوای ئەوەی وەڵاممان لە بەڕێوەبەری كارگەكە وەرگرت، شەفتی شەوانمان گەڕانەوە سەر قایشی باركردنی كارگەكە”، ئەو كرێكارە وای وت.
كاروان ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، سێ داواكارییان بۆ جێبەجێكردین، كە پێكهاتبوون لەمانە، “بڕی 30 هەزار دینار چووە سەر موچەكەمان، لە بری نانی نیوەڕۆ كە بەو بڕەوە مانگانە 100 هەزارمان بۆ تەرخان دەكرێت.
– رێگەمان پێدرا لەكاتی وازهێنان لەكارەكەمان، بتوانین كەسوكاری خۆمان بخەینە شوێنی كاركردنمان.
– دەرگامان بۆ واڵا كرا بە شەش مانگ جارێك رێگەمان پێبدرێت خاوەنی كارگەكە ببینین، بۆ ئەوەی گیروگرفتەكانی خۆمان راستەوخۆ بگەیەنین بەخۆی.
لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، بەختەوەر حەمەعەلی بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە كارگەی چیمەنتۆی ماس بە 964ی وت، ئەوەی لەتوانای ئێمەدا بوو وەك كارگەی چیمەنتۆی ماس بۆمان جێبەجێكردوون، بەڵام راستییەك هەیە پێویستە بزانرێت، دوو ساڵ پێش ئێستا كرێكاران خۆیان داوای پێدانی بڕێك پارەیان كرد لە بری ژەمەخواردنی نیوەڕۆی كارگەكە، بەڵام ئەوان ئێستا بیانووی كەمی بڕە پارەكە دەگرن، ئەگەرنا ئێمە پێشووتر ژەمەخواردنی نیوەڕۆمان پێداون و خواردنیان لەسەر كارگە بووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا