قەڵادزێ
بە وەعدی دامەزراندن و هەلی كار سەدان ژنی هەڵخەڵەتاندووە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە قەڵادزێ هێزەکانی پۆلیس تۆمەتبارێک دەستگیر دەکەن، لە ڤایبەر، واتسئاپ و سناپی هەر ژن و کچێکی دەستکەوتبێ نامەی بۆ ناردووە، پۆلیس دەڵێت، سەدان ئافرەتی فریوو داوە و پێی وتوون، دایاندەمەزرێنێ، بەڵام نیەتەکەی ناردنی وێنە و زانیاری بووە، دواتر لێسەندنی پارە لێیان.
دەرکەوتووە، وێنەی سەدان ژن و کچ لەناو مۆبایلەکەیدا بووە.
پۆلیسی راپەڕین، ئەمشەو 6.4.2025 راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێزەکانمان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر، کەسێکیان دەستگیرکرد کە لە رێگەی پەیجەکانەوە ریکلامی بۆ خۆی کردووە، گوایه ئافرەت دادەمەزرێنێ وەک سکرتێری پزیشک و یاریدەدەری دەرمانساز بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایەکی لە تەندروستیدا هەبێ، یان راسپێردرابێت.
ئەو کەسە لە ریکلامەکاندا ژمارە مۆبایلی خۆی داناوە و دواتر لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەدان ئافرەتی فریوو داوە و داوای وێنە و زانیاری کەسی لێکردوون.
دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە وتەی خۆی لە ساڵی 2019 تا ئێستا خەریکی ئەو کارەیە و وێنەی کەسانی تری بۆ ژنان ناردووە و پێی وتوون ئەوە خۆیەتی بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەشی ئاشکرابووە سەدان وێنەی ژنانی تێدایە، تۆمەتبار تۆڕەکانی، سناپ، ڤایبەر و واتسئاپی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا بەکارهێناوە و جگە لە وێنە و زانیاری کەسی، داوای پارەشی لێکردوون.
کابرای تۆمەتبار، پاش ئەوەی لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عیراقی راگیرکراوە، پۆلیسی راپەڕین دەڵێ، کابرا دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینە.