کێڵگەیەکی کشتوکاڵی لە هەولێر - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر
لە کشتوکاڵەوە بۆ کارەبای هەولێر
گەنمەکە ئاوی دەوێ؛ جوتیارانی هەولێریش کارەبا
964+
ئەحمەد مستەفا
هەر ئەمڕۆ و لەگەڵ دەستپێکی دەوام، کشتوکاڵی هەولێر نووسراوی بۆ کارەبای هەولێر کردووە، بەهۆکاری ئەوەی ئەو زەوییانەی بۆ گەنج چێندراون پێویستیان بە کارەبایە بۆ ئاودان، داوای کردووە کارەبا لەسەر جوتیاران نەبردرێ.
کشتوکاڵی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 6.4.2025، نووسراوەکەی خۆی بە واژۆی هێمن سەیدموراد، ئاراستەی کارەبای گشتیی هەولێر کردووە.
لەسەر داواکاری جوتیاران بووە، کشتوکاڵ لەسەر ناردنی نووسراوەکەی دەڵێت، بە پێویستمان زانی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ئاگادار بکەینەوە کەوا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاتر بکرێت بۆ برا جووتیاران.
تا ئەو بەرهەمانەی هەیانە، بەرهەمی بهێنن، هەروەها هەر رێکارێک کەوا لە بەرنامەیاندا هەیە، دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا ئەم رێکارانە دوا بخرێن تا پرۆسەی دروێنە دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی جوتیارانمان سوودمەند بن.
چەند رۆژی رابردوو، هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند، ئەمساڵ بڕی پێویست باران لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە هەولێر و دهۆک نەباریوە، ئەمەش مەترسیی لەسەر بەرهەمی گەنم لەو دوو پارێزگایەدا دروست كردووە.
تا چەند رۆژ پێش ئێستاش، کە وتەبێژ قسەی کرد، لە سەنتەری هەولێر 100 ملم باران باری بوو، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە دوو هێندە و نیو باریبوو، ئەو وتی، بەرهەمی گەنم ساڵی رابردووش زیاتر بوو لە یەك ملیۆن تۆن، بەڵام بەهۆی كەم بارانیەوە ئەمساڵ رێژەكە زۆر كەمتر دەبێت.
نووسراوی کشتوکاڵی هەولێر، بۆ کارەبای هەولێر؛