کێڵگەیەکى نەوتى هەرێم
20 ملیار دۆلار زیانى هەبووە
تێچووی رۆژانەى ئەو نەوتەی دەبوایە رۆژانە لە هەرێمەوە هەناردە بكرێت نزیکەى 30 ملیۆن دۆلارە
964+
محەمەد فاتیح
راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ، زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە بە ئابووری عێراق و نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار زیان گەیشتووە بە كۆمپانیا نەوتییەكان و بەهەمان شێوە توركیاش زەرەمەندە.
دكتۆر گۆڤەند حسێن شێروانی ئەكادیمی و پسپۆر لە بواری نەوت تایبەت بە 964ـى وت،”كێشەكان لە بەرامبەر دووبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆرن و ئەو كۆبونەوە بە پەلەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردوە زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرى كۆتایی”.
دەشڵێت:بابەتەكان تەكنیكین و نەدەبوو هێندە ئاڵۆزبكرێن و كێشەكان بەهەڵواسراوی بهێڵنەوە.
بەپێی مادەی 11ـى بودجەی گشتی عێراق دەبێت سەرجەم تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و سەرجەم عێراقیش لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق بێت و دەرئەنجامە نەرێنییەكانی رێكنەكەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ئەوەیە، تێچووی رۆژانەى ئەو نەوتەی دەبوایە هەناردە بكرێت لە هەرێمی كوردستانەوە نزیكەی 28 تا 30 ملیۆن دۆلارە، دكتۆر گۆڤەند حسێن شێراونی واى وت.
پێشی وایە بەندەری جیهان باشترین رێگایە بۆ ساغكردنەوەی نەوتی عێراق و هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا و ئەمریكا بەبێ هیچ كێشەیەك، بەراورد بە رێگاكانی كەنداوی عەرەبی و دەریای سوور كە رەنگە كێشەیان هەبێت، چونكە ناوچەكە سەقامگیر نییە.
دوای بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانى پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، رۆژى 25ـى ئادارى 2023، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیرا.
بەپێى ئەو زانیارییانەى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) کە پێشتر خستویەتییە روو، عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدات ئەوەش لەبەر ئەوەى نەیتوانیوەى مەرجى رێککەوتنەکە بۆ بۆرى نەوتى عێراق- تورکیا، جێبەجێ بکات.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان “ئەپیکۆر” لە هەشت کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، لە دواى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم رۆژانەى 200 هەزار بەرمیل لە نەوتى هەرێم بەرهەمدەهێن و لەناوخۆدا ساغى دەکاتەوە.