رووداوەكانی شەوی رابردوو

ئیشەكە گەورە بوو، یانەی زاخۆ سكاڵا لەسەر یانەی دهۆک و راهێنەرەكەی تۆمار دەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

یانەی زاخۆ رایگەیاند، بەرامبەر ئەو خراپەکارییەی کە یانەكەیان و خەڵکی زاخۆ لە لایەن هاندەرانی یانەی دهۆكەوە تووشیان بووە،  سكاڵا لەسەر چەند لایەنێگی یانەی دهۆك تۆمار دەكەن.

یانەی وەرزشیی زاخۆ لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ دووشەممە 31.3.2025 بڵاویانكردەوە، ئیدارەی وەرزشی یانەی زاخۆ سکاڵا لەسەر ئەم لایەنانە تۆمار دەکات:

1- سكاڵا لەسەر یانەی دهۆک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.

2- سکاڵا لەسەر مەسعود میرال راهێنەری یانەی دهۆک تۆمار دەکرێت.

3-هەروەها لە شاری زاخۆ سکاڵا تۆمار دەکەین لەسەر ئەو کەسانەی سووکایەتیان بە یانەکە و خەڵكی شارەكە کردووە.

4- سکاڵا لەسەر ئەو دەزگا میدیاییانە تۆمار دەکەین، کە کێشەیان لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەیە دروست کرد.

یانەی زاخۆ دەڵێن، “دووپاتی دەکەینەوە بەرامبەر هیچ سووکایەتییەک بێدەنگ نابین و ئەوەی روویدا دوورە لە رۆحی وەرزشی و کۆمەڵگە جوانەکەمان و ئەم کارەش ​​کە ئەنجامدرا پلان بۆ داڕێژراو بوو.

شەوی رابردوو یاریی دهۆک و زاخۆ لە خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی دهۆک كرا و یانەی خاوەن یاریگە بە 1-0 گۆڵ بردییەوە، لە دوای یارییەكە هەندێك ئاژاوە دروست بووە و یاریزانێكی یانەی زاخۆ لە لایڤێكی تیكتۆك وتی، لە لایەن پۆلیسی دهۆكەوە بە دار لێیاندراوە، هەروەها دەگوترێت سووكایەتی بە خەڵكی زاخۆ و هاندەرانیان كراوە لە لایەن هاندەرانی دهۆكەوە، هەرچەندە هاندەرانی زاخۆ بە فەرمی لە یاریگە نەبوون و پێشتر رێككەوتن كرابوو لە نێوان هەردوو یانە، هاندەرانی زاخۆ ئامادەنەبن بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت، هاوكات لە قۆناغی یەكەمی خولەكەش كاتێك یاریی نێوانیان لە یاریگەی زاخۆ كرا، هاندەرانی دهۆك لەوێ ئامادەنەبوون.

هەر ئەمڕۆ پۆلیسی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ لە روونکردنەوەیەکدا لە بارەی رووداوەکانی یاریی دهۆك و زاخۆ لە خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق دەڵێن، دوێنی شەو دوای یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە یاریگەی دهۆک، چەند کەسێك دوور لە گیانی وەرزشی کە ئامانجی ئەوان تێکدان و ئاڵۆزکردنی رەوشەکە و دروستکردنی ناکۆکی بوو لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا، لە سۆشیال میدیا، سووکایەتییان بڵاوکردووەتەوە و خواستی ئەوان ئەوەیە کە دۆخەکە بەرەو ئاقارەکی نادیار ببەن، بەڵام ئەم كارە رێگری لێدەكرێت و نایەڵن ئامانجی ئەو كەسانە بێتەدی.

سیپان سەدیق یاریزانی زاخۆ: پۆلیسی دهۆک بە دار هێرشیان ك...

سیپان سەدیق یاریزانی زاخۆ: پۆلیسی دهۆک بە دار هێرشیان كردە سەرمان و لێیانداین