ئەمڕۆ لە قوڵەرەیسى
ئەو میکسەرەى لە شەقامێکى سلێمانى چیمەنتۆى رشتبوو رووبەڕووى رێکارى یاسایى کرایەوە
964+
وریا فەتاح
شارەوانى سلێمانى رێکارى یاسایى بەرانبەر کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى چیمەنتۆ گرتەبەر، چونکە لە کاتى گواستنەوەى چیمەنتۆکە پابەندى رێکارەکان نەبوون و بەشێکیان لەسەر شەقامەکە رشتووە.
شارەوانى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردووەتەوە، رێکارى یاساییان بەرامبەر کۆمپانیانى بەرهەمهێنانى چیمەنتۆ (خەباتەى مەرکەزى) دەگرنەبەر، چونکە وەک دەڵێت،”بەشێک لەکۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لەکاتی گواستنەوەی چیمەنتۆدا پابەندی شێوازی کارەکانیان نابن و بەشێک لە چیمەنتۆکانیان لەناو شەقامە سەرەکییەکاندا دەڕژن و شەقامەکە دەشێوێنن و دەبنە گرفت بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان”.
وەک شارەوانى سلێمانى باسى دەکات، رژانى چیمەنتۆ لەسەر شەقامەکان زۆرجار مەترسى رووداوى هاتوچۆى دروستکردووە، ئەوە جگە لە پیسکردنى شەقامەکان.
ئاشکراشى کردووە، ئەمڕۆ هەینى لە شەقامى سەرەکى قوڵەرەیسى، بەهۆی رژانی چیمەنتۆ لەو شەقامە لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمێنانی چیمەنتۆ گرفت بۆ هاتووچۆ دروستبوو.
هەرچەندە ناوى کۆمپانیا و ژمارەى ئۆتۆمبیلەکەیان پاراستووە، بەڵام شارەوانى سلێمانى جەختیکردووەتەوە کە رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگرنەبەر.