ژینگەدۆستان وایان کرد
چیای هەندرێن بەڕوورێژ کرا
964+
ئاکام غەفور-سۆران
ژینگەدۆستانی رواندز کەوتنە خۆیان و لە هەڵمەتێکدا زیاتر لە 600 بەڕوویان لە بناری چیای هەندرێن ناشت.
هەڵمەتەکە لە ژێر چاودێری قایمقامیەتی رواندز ئەنجام دەدرێت و دارستان و پاوانی رواندز پێیەوە هەستاوە، ژینگە پارێزانیش هاوکار بوونە لە چاندنی بەڕووەکان.
ئەو بەڕووانە لە وەرزی زستانەوە لە ناو لایلۆن و ناو سندوق ژێر خاک کراون بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ ئەم وەرزە
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز، بە 964ـی وت،” لە بناری چیای هەندرێن 600 بەڕوومان چاند بە مەبەستی زیاتر سەوزکردنی ناوچەکەمان و گرینگیدان بە ژینگەی ناوچەکە”.
وتیشی،” بەڕوو مێژوێکی دێرینی هەیە لەگەڵ نەتەوەکەمان، بۆیە ئەوەمان هەڵبژاردووە تا بیچێنین، جگە لەوەش دارێکی خۆڕاگرە و پێویستی بە ئاو و چاودێری کەمە”.
ئەو شوێنەی بەڕووەکانی لێ دەچێندرێن، بەری هەندرێنە، کە دەکەوێتە بەرامبەر شاری رواندز، لە وەرزی بەهاران و ئێوارانی هاوین خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی گەشت و کات بەسەربردن رووی لێ دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح