چارەنووسی نادیارە

مێردمنداڵێكی 17 ساڵان لە نەورۆزی مەریوان دەستبەسەر كراوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كەیهان تەدبیری، مێردمنداڵێكی تەمەن 17 ساڵانی خەڵكی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەكەی، بە توندی دراوەتە بەر لێدان و دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو راپۆرتانەی بەدەستیان گەیشتووە، كەیهان تەدبیری، مێردمنداڵێكی تەمەن 17 ساڵانی خەڵكی گوندی “نێ”ی سەر بە مەریوان، دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئێتلاعاتی ئەم شارە بە بەكارهێنانی توندوتیژی و لێدان دەستبەسەركراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رێكخراوەكەی وتووە، دەستبەسەركردنی كەیهان تەدبیری پەیوەندی بە رێوڕەسمی نەورۆزی كوردستان هەبووە و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم لاوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودخۆی ناوبراو، تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە.

رێكخراوی هەنگاو دەڵێت، زانیاریی ئەوەیان هەیە، كەیهان تەدبیری دوای دەستبەسەركرانی، بۆ یەكێك لە زیندانە ئەمنییەكانی شاری سنە گواستراوەتەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەكە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی نێ، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو زیاتر لە 200 هاوڵاتیی گوندەكە بانگكراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی لێپرسینەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریش لەوانە نەچوونە.

ماوەی دوو رۆژە چارەنوسی دوو شاخەوان لە چیایەکی رۆژهەڵا...

ماوەی دوو رۆژە چارەنوسی دوو شاخەوان لە چیایەکی رۆژهەڵاتی کوردستان نادیارە