ژن و منداڵیان لەگەڵدایە

ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە ئاوەکانی فەڕەنسا گیریانخواردووە

ژووری هەواڵ

ژمارەیەک کۆچبەری کورد بە مەبەستی گەیشتن بە بەریتانیا لە ئاوەکانی فەڕەنساوە بە بەلەم بەڕێکەوتوون، بەڵام بەهۆی کێشەیەک لە بەلەمەکەیان گیریانخواردووە.

ئەمڕۆ هەینی 21.3.2025، رەنج پشدەری،  چالاكوانی مافی كۆچبەران و رۆژنامەنووس بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی 60 کۆچبەر لە دەوروبەری کاتژمێر 3:00ـی بەیانی بەڕێکەوتوون بە مەبەستی گەیشتن بە بەریتانیا و لە ئاوەکانی فەڕەنسا گیریانخواردووە.

کۆچبەرەکان قسەیان بۆ رەنج پشدەری کردووە و وتویانە، پۆلیسی فەڕەنسا چاودێریان دەکات، بەڵام ئەوان نایانەوێت بگەڕێنەوە و مەبەستیانە بگەنە بەریتانیا.

“زۆربەی کۆچبەرەکان کوردن و خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن، بە وتەی خۆیان خێزان و ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە”، رەنج پشدەری وای وت.