سەرەڕای رێگرییەكان نەورۆزی خانەقین بەڕێوەچوو

“كەس ناتوانێت رێگری لە كردنەوەی ئاگری نەورۆز بكات”

راژان باجەڵان

ئەم ئێوارەیە لە قەزای خانەقین هاوڵاتیانی كورد رێوڕەسمی كردنەوەی ئاگری نەورۆزیان ئەنجام دا، بەڵام چەند گرووپ و تاقمێكی تایفەگەری هەوڵیان دا كێشە و ئاژاوە بنێنەوە و رێگری لە كردنەوەی ئاگرەكە بكەن.

هاوڵاتیانی خانەقین بەیەكەوە بە پۆشینی جلوبەرگی كورد و وتنەوەی سروودی ئەی رەقیب، ئاگری نەورۆزیان كردەوە و بۆنەكەیان پیرۆز كرد.

یەكێك لە هاوڵاتیانی خانەقین بۆ 964 وتی، خانەقین شاری پێكەوەژیانە و هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكان پێكەوە بە ئاشتی دەژین، ئەگەر خەڵكانێك دەیانەوێت ئەو ئاشتەواییە تێكبدەن، پێیان دەڵێین خەیاڵتان خاوە.

هاوڵاتییەكی دیكە ئاماژەی بەوەدا، پێشتر رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی خانەقین كراوە، كە ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە و ئەمە بۆنەیەكی نەتەوەییە، بەڵام هەندێك لایەنی تایفەگەری هەوڵیان دا ئاژاوە بنێنەوە، بەڵام بۆیان نەچووەسەر و ئاگر كرایەوە و نەورۆز و سەری ساڵی كوردی پیرۆز كرا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا