پێشبینییەکە وایە

بەو خزمانەتان بڵێن کە لە عومرەن؛ سبەی تاوە بارانی بەهێز هەیە


ئەحمەد مستەفا

حسابی خۆتان بکەن و لە سێ شاری سعودییە، سبەی پێنجشەممە بۆ هەینی پێشبینی ئەوە کراوە، هەورە بروسکە رووبدات و تاوە بارانی بەهێز ببارێ.

پێشبینییەکان، شارەکانی جەددە، مەککە و تائیف- ی دیاری کردووە کە کاریگەرییەکەی زیاترە لە سەریان.

ئەگەر تاوەباران هەبێ، ئەگەری روودانی لافاو  بەهێزە، بۆیە خزمان و کەسوکارتان لەو شارانە ئاگادار بکەنەوە، ئەگەر لە عومرەن، یان لە رێگەی چوون و هاتنەوەن بۆ ماڵەوە.

پێگەی ئیکواوێزەری ئەمریکی نوسیوویەتی، سبەینێ لە مەککە رەشەبایەکی بەهێز هەڵدەکات، پلەی گەرمی 31 پلە دەبێت، بەڵام پێچەوانەی گەرماکە لە گەڵیدا تاوە بارانی بەهێز روودەدات و خێرایی با 16 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و شێ زیاد دەکات.

هەروەها، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، لە سبەی رۆژی پێنجشەممە تاوەکو رۆژی هەینی، 20/21ی مانگ، لە سنووری شارەکانی جەددە، مەککە و تائیف و شارەکانی دەوروبەریان ئەگەری تاوەبارانی بەهێز و هەورەبروسکە هەیە.

ئەو پێی وابوو، عومرەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداربن بە تایبەت لە شارە سنوورییەکان، چونکە ئەگەر هەیە لافاو دروست ببێت.