حاسڵاتی ئەمڕۆ
بەگەرمی بچن بەدەم نەورۆز و ئاشتییەوە
+964
ژووری هەواڵ
رۆژنامەی شەر ئەوسەت بڵاویکردەوە: دوای جەژن کۆبوونەوەی شانجی ئیمراڵی ئەردۆگان بەڕێوە دەچێت، بەپێی رۆژنامەکە سری سورەیا پاش کۆبوونەوەی پەرلەمان کاتێک لەگەڵ ئەردۆگان تەوقەی کردووە، ئەردۆگان پێی وتووە پێم باشە دوای پشووەکانی جەژن کۆببینەوە.
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی بۆ قسەکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر لەگەڵ ئاکەپە کۆبووەوە، چەند کاتژمێرێک پێش ئەم کۆبوونەوەیەش شاندەکە سەردانی مەهەپەیان کردوو لەگەڵیان کۆبوونەوە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا، واتا ئەمڕۆو دوێنێ سوپای تورکیا 521 جار بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن بۆردوومانی ناوچەکانی گەریلایان کردووە.
پەکەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە راگەیاند کە دوێنێ شەو لە گوندی سۆفیانی سەر بە ناحیەی بنگردی قەزای دوکان کەوتە خوارەوە، دەشڵێت فڕۆکەکە جۆری (ئاکنجی) تورکی بووە.
میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن: درۆن و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا وەک جاران کاریگەرییان نەماوەو لەماوەی دوو ساڵدا 21 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ئاسمانی باشووری کوردستان خراونەتە خوارەوە، لەمانە 19 دانەیان گەریلا خستوونیەتە خوارەوەو یەک دانە لەلایەن سوپای عێراقی و دانەیەکی تریش هۆکارەکەی نەزاندراوە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەبۆنەی نەورۆزەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت: داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە گەرمی رووبکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆزو خاوەندارێتی لە بانگەوازەکەی ئیمراڵی و پرۆسەی ئاشتی بکەن.
لە کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمەکبەخشی بڕیاردرا بە بڕی نزیکەی سێ ملیار یۆرۆ کۆمەکی سوریا بکرێت، یەکێتی ئەوروپا دوو ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆو ئەڵمانیا 300 ملیۆن یۆرۆو بەریتانیاش 160 ملیۆن پاوەن دەدات.
ئاژانسی دەنگوباسی سوریا (سانا) لە زاری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەوە رایگەیاند: حیزبوڵا سێ سەربازی سوری لە سەر سنوور رفاندووەو دوای ئەوە گولەبارانی کردوون، حیزبوڵاش ئەمە رەت دەکاتەوە.
جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان سوپای وڵاتەکەی راسپارد وەڵامی هەر تەقەو ئاڵۆزییەک بدەنەوە کە لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا دروست دەبێت، ئەمەش دوای ئەوە هات دوو رۆژە دۆخێکی نائارام لە سنووری هەردوو وڵات هەیە.