بەراورد بە هەفتەی پێشوو

داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە دوو هێندە زیادی کردووە

شۆڕش قادری

داهاتی نانەوتیی ئه‌م هەفتەیه‌ى هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە زیاتر لە شەش ملیار و 828 ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی پێشوو زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە.

بەپێی نوێترین داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 8.3.2025 تا ئەمڕۆ هەینی 14.3.2025، بڕی شەش ملیار و 828 ملیۆن و 771 هەزار و 900 دینارە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشوو بڕی سێ ملیار و 285 ملیۆن و 385 هەزار و 977 دینار بوو.

وەک ماڵپەڕەکە روونى کردووەتەوە، لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی پێنج ملیار و 774 ملیۆن و 406 هەزار و 150 دیناری بە شێوەی نەختینە و یەک ملیار و 54 ملیۆن و 365 هەزار و 750 دیناریشی چەکە.

ماڵپەڕی شەفافییەت تایبەتە بە ئاشکراکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

ئەو بڕە داهاتە لەمانە بەدەستهاتوون: دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان.