20 رۆژە وەستاوە

964 هۆکارى راگرتنى کارکردن لە رێگاى چوارقوڕنە – دوکان ئاشکرا دەکات

964+

وریا فەتاح

ماوەى 20 رۆژە کارکردن لە پڕۆژەى دووسایدى رێگەى چوارقوڕنە دوکان وەستاوە، حکومەت ئامادە نییە پارە بۆ کۆمپانیا خەرج بکات.

دواى ئەوەى لە سەرەتاى ئەمساڵ خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان بۆ ماوەى 10 رۆژ، رێگەى دوکان چوارقوڕنەیان داخست، رۆژى 16ـى 1ـى 2025، بە بەڵێنى دەستبەکارکردنەوە و تەواو کردنى پڕۆژەکە لە مساڵدا، رێگاکە کرایەوە.

رۆژێک دواى ئەوە ئامێرەکان دەستیان بە جوڵە کردەوە و کارکردن لە پڕۆژەکە دەستى پێکردەوە.

عومەر محەمەد خاوەنى کۆمپانیاى ئەکشن کە لایەنى جێبەجێکارى قۆناغى دووەمى پڕۆژەى رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکانە بە 964ـى وت،”ئێمە وەک کۆمپانیاى ئەکشن، پڕۆژەکەمان بە ئاگادارى و رەزامەندى حکومەت لە کۆمپانیاى سروشتى هیران وەرگرتووە کە ئەوان جێبەجێکارى پڕۆژەکەن، ئەوان لە 20ـى 2ـى 2025، ئێمەیان ئاگادارکرد وتیان ئیش بوەستێنە و ئەو ئیشە رادەستى حکومەت دەکەینەوە و حکومەت بۆخۆى دەیکات”.

“20 رۆژە ئیشەکەیان پێ راگرتوین، ئێمە بەرچاومان روون نییە، نە ئەوەیە حەق و حسابمان لەگەڵ بکەن و بڵێن خواحافیزت بێت، نە ئەوەیە رێگەمان پێبدەن ئیش بکەین”، خاوەنى کۆمپانیاى ئەکشن واى وت.

دواى ئەوەى لە 16ـى مانگى 1، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستى پێکردەوە، کۆمپانیاى ئەکشن بە 40 ئامێر کارى لە پڕۆژەکەدا دەکرد، وەک ئەوەى عومەر محەمەد باسى دەکات، لەو کاتەوە پێنج کیلۆمەتریان ئامادەکردووە و تەنیا قیرکردنى ماوە.

یەک دیناریان بۆ خەرج نەکردووین

هەرچەندە کۆمپانیاکە لەسەر بەڵێنى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەستى بەکارکردن کردەوە، بەڵام وەک باسى دەکات تەنانەت یەک دیناریشیان بۆ خەرج نەکراوە، وەک خاوەنى کۆمپانیاکە دەڵێت،”فلسێکمان وەرنەگرتووە”.

ئێستا کێشەکە گەیشتووە بە کوێ؟

خاوەنى کۆمپانیاى ئەکشن باسى لەوەکرد کۆمپانیاى یەکەم پێى وتوون کار رابگرن، چونکە حکومەت بەنیازە بیدات بە کۆمپانیایەکى دیکە، بەڵام وەکخۆى دەڵێت، ئێمە وەک کۆمپانیاى ئەکشن ئامادەین لەماوەى ئەمساڵدا پڕۆژەکە تەواو بکەین ئەگەر بیدەن بە ئێمە و ناوە ناوە پارەیەکمان بۆ خەرج بکەن.

پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:

قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت و درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە و 95 لەسەدى کارەکانى لە پێش 2021 تەواو بووە و ئێستا هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت و هێڵکارى و ئەندازەیى و هەندێ وردەکارى ماوە.

قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا نزیکەى 10 کیلۆمەتر پێش ئەوەى بگەیت بە قەزاى دوکان و درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە و گوژمەکەى 54 ملیار دینارە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت، ئەوەى ئێستا کارى تێدا دەکرێت و بڕیارە تا نزیکەى 14 مانگى داهاتوو تەواو بکرێت ئەم قۆناغەیە.

قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دەستى لێنەدراوە.

لەماوەى رابردوودا، دانیشتوانى دۆڵى خەلەکان بۆ ماوەى 10 رۆژ گردبوونەوە و رێگاکەیان داخست، داواکارى سەرەکیشیان دەستکردن بە کارکردن بوو لە پڕۆژەکە، هەر بۆیە بە بەڵێنى دووبارە کارکردنەوە، کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.

"کارکردن لە رێگاى چوارقوڕنە- دوکان بە باشى بەڕێوە دەچێت"