مزگەوتی مەڵکەندی سلێمانی
شەڕیانە لەسەر ئەوەی کێ زووتر خواردن ببات بۆ مزگەوت
964+
دیلان محەمەد
هەر مەلا بانگیدا پیر و گەنج و منداڵ لەسەر سفرەی کۆنترین مزگەوتی سلێمانی کە مزگەوتی مەڵکەندیە کۆدەبنەوە و کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەی کێ زووتر لە رەمەزاندا خواردنیان بۆ بەرێت.
ئەم دیاردەیە بووەتە کەلتورێک و ساڵانە بەمشێوازە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە رەمەزان بەڕێدەکەن، مامۆستا موزەفەر، پێشنوێژی مزگەوتی مەڵکەندی بۆ 964 وتی، لە کۆنەوە عادەتیان گرتووە خانەدان و خەڵکی کۆنی گەڕەکەکە شۆربا و خواردنی جیاواز ئامادە دەکەن بۆ بەربانگ، خۆشترین شتیش ئەوەیە کێبڕکێیانە تا زووتر سەرەیان بەرکەوێت و بەشداری ئەو خێرە بکەن.
یەکێک لەو هاوڵاتیانەی کە بەشداریکردووە دەڵێت، باشبوو ئەم هەفتەیە بەرمن کەوت، شۆرباکەش لە شیرینیەکە باشترە و منداڵەکانیش بەم بۆنەیەوە فێری مزگەوت دەبن و کەلتورێکی جوانە.
پێداچوونەوەی:پەری ساڵح