دیمەنی دەروازەی پڕۆژەی تەواو نەکراوی دەشتی بەهەشت وێنە: 964
هاوبەشانی پڕۆژەکە 15 ساڵە چاوەڕێن
ئەو پڕۆژەیەی ئیبراهیم تاتڵیساس ریکلامی بۆ دەکرد دەست بە کارەکانی دەکاتەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەوەی کە ساڵی 2011 هونەرمەندی تورک، ئیبراهیم تاتڵیساس ریکلامی بۆ دەکرد، دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.
پڕۆژەی دەشتی بەهەشت لە هەولێر، ساڵی 2010 بەردی بناغەی دانرا و بڕیاربوو لە ساڵی 2013 رادەستی کڕیارانی بکرێت، بەڵام پڕۆژەکە تائێستا تەواو نەکراوە.
بەرگەشت ئاکرەیی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە 964ـی وت، “لێژنەیەکی تایبەت پێکهاتووە لەسەر دەستبەکاربوونەوەی پڕۆژەکە کە 50٪ـی کارەکانی ماون تەواو بکرێن، ئێستاش لیژنەکە وردبینی بۆ هاوبەشەکانی پڕۆژەکە دەکات”.
باسی لەوەش کرد، لیژنەکان بڕیاردەدەن کە هاوبەشانی پڕۆژەکە دەبێت چەند پارە بدەن بۆ تەواوبوونی یەکەکانیان و کارەکانی پڕۆژەکە دەسپێردرێت بە کۆمپانیایەکی تر”.
پڕۆژەی دەشتی بەهەشت پڕۆژەیەکی نیشتەجیبوونە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر، پڕۆژەکە پێکدێت لە: 427 ڤێلا و هەزار و 122 شوقە.
پڕۆژەکە ساڵی 2010 لەلایەن کۆمپانیای عادل موتەحیدە دەست بە دروستکردنی کرا، کە خاوەنی کۆمپانیاکە روشدی سەعید بوو، لە مانگی سێی ساڵی 2023 روشدی سەعید بەتۆمەتی گەندەڵی لە پڕۆژەکە لەلایەن پۆلیسی کەرکوکەوە دەستگیر کرا و ماوەی چەند ساڵێکە ئاوارەکان لەنێو پڕۆژەکە نیشتەجێبوونە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری