دەروازەی نێودەوڵەتی مونزەریە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە - وێنە: ئیرنا
لە 11 مانگدا
بایی 873 ملیۆن دۆلار کاڵا لە مەرزی مونزەریەوە هاوردەی کوردستان و عێراق کراوە
شۆڕش قادری
تادێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبێت و لە 11 مانگی رابردووشدا بایی 873 ملیۆن دۆلار، کاڵا لە مەرزی مونزەریەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری رەزا نیک رەوێش چاودێری گومرگی پارێزگای کرماشان بڵاویکردووەتەوە، لە 21.3.2024 تا 21.2.2025 یەک ملیۆن و 787 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 873 ملیۆن دۆلار لە گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی مونزەریەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە و رێژەکە بەراورد بە ساڵی پێشووتر لەو کاتەدا، لەبواری کێشدا 6٪ و لەبواری نرخیشدا 7٪ زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە مەزری مونزەریەوە هاوردەی کوردستان و عێراق کراون، سەوز و میوە و کەرەستەی بیناسازی بوون.
دەروازەی نێودەوڵەتی مونزەریە لە نێوان خانەقین و شاری قەسری شیرینی سەربە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانـدایە.