حاسڵاتی ئەمڕۆ
ئامادەکاری بۆ دیدارێکی نوێ دەکرێت و کەجەکەش دەڵێت ژن و ئاشتی براوە دەبن
964+
ژووری هەواڵ
لە باکوری کوردستان و تورکیا زانیاری نوێ هەیە لەسەر پرۆسەی ئاشتی، لە سوریاش گرژییەکان پەرەی سەندووە، هەرچی ئەمڕۆ روویداوە لە حەسڵات کۆکراوەتەوە
…
محەمەد ئۆجەلانی برای عەبدوڵا ئۆجەلان و چەند ئەندامێکی دیکەی خانەوادەکەیان بە فەرمی داواکارییان پێشکەشی دەسەڵاتدارانی ئیمراڵی کرد تا رێیان پێ بدرێت سەردانی ئۆجەلان بکەن، خانەواداکەی ئۆجەلان 43 مانگ بوو رێیان پێ نەدەدرا بیبینن، مانگی 10ی ساڵی رابردوو رێگەدرا عومەر ئۆجەلانی برازای بیبینێت.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەی 8ی ئازارەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت: بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەک هەر پرۆسەی ئاشتی، کێشەی ژنانیش چارەسەر دەکات.
دەم پارتی رایگەیاند: هەوڵێکی چڕوپڕیان لە ئەستەنبوڵ دەست پێکردووە لە پێناو بانگەواز بۆ پرۆسەی ئاشتی و لە چەند ناوەندێکی جیاواز کۆبوونەوەی جەماوەرییان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی هەموو کەس خۆی بکاتە خاوەنی ئەو پرۆسەیە.
ژمارەی نووسەرو مامۆستا کوردە دەستگیرکراوەکانی تورکیا گەیشتە پێنج کەس، ئەم مامۆستا و نوسەوانە لەسەر کتێبێک دەستگیرکراون کە تایبەتە بە زمانی کوردی، بەڵام داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ دەڵێت: بیری ئایدۆلۆژی بڵاو دەکەنەوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند ئەوان لەسەر کاری خۆیان بەردەوامن و لەماوەی هەفتەیەکدا 26 گەریلای پەکەکە و یەپەگەیان کوشتووە، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 478 گەریلا، هەرچەندە هیچ سەرچاوەیەکی پەکەکە ئەم زانیارییە پشتڕاست ناکاتەوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت: داواکاری ئێمە تەنیا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نییە، بەڵکو دەبێ هەموو ئەو هێزانەی سەر بەپەکەکەن هەڵبوەشێنەوە، بەوانەی رۆژئاوای کوردستانیشەوە.
شەڕو ئاڵۆزییەکانی سوریا بەردەوامەو ئاژانسی دەنگوباسی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە: هێزە ئەمنییەکان بە رادەیەکی بەرچاو دۆخەکەیان کۆنترۆڵکردووەو بەشوێن چەکدارانی سەر بەرژێمی پێشوودا دەگەڕێن، قەدەغەی هاتوچۆ لە لازقیەو تەرتوس بەردەوام دەبێت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی هێزە ئەمییەکانی سوریا 52 گەنجی عەلەوییان لە پارێزگای لازقییە گولەباران کردووە.
میدیای ئێرانی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی ئێرانی بۆ هێزەکانی سەر بە ئەسەد راگەیاندو زۆربەی میدیاکان دەڵێن ئەوەی لە خۆرئاوای سوریا روودەدات بەرگرییە دژ بە چەکدارەکانی جۆلانی.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا هیچ چارەسەرێک ناهێنن و داوای گفتوگۆ دەکەین کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن.
رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاند: لەماوەی سێ مانگی کەوتنی رژێمەکەی ئەسەددا 133 هەزار پەنابەری سوری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و وتیشی ئەو شەڕەی ئێستا لەسوریا هەیە ئاشتی دەخەتە مەترسییەوە.