فرۆشگەیەکی دراو دۆلاری ئەمریکی نیشانداوە _ وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
دۆلار بە 151 دینارە.. ترسی خەڵک دۆلاری بەرزکردەوە
+964
فەرمان سادق
بۆرسەی هەولێر بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کراویەوە، خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراویش دەڵێ: ترسی خەڵک دۆلاری گران کردووە.
لەگەڵ کرانەوەی بۆرسەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بەهای دۆلار بە 151 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی کە بەهای دیناری بەرز کردەوە، بەهای 100 دۆلار بۆ 140 هەزار دابەزی، بەڵام وردە وردە نرخەکە هەڵکشایەوە و 150 هەزاری تێپەڕاند.
عەبدولئەحەد کەمال، خاوەنی کۆمپانیای شەمس و بەحر لە بازاڕی بۆرسەی هەولێر بە تۆڕی964ـی راگەیاند، لەگەڵ بڕیارەکەی بانکی ناوەندی خەڵکی هەمووی دۆلارەکانیان فرۆشت، ئێستا جۆرێک لە ترس لەلای خەڵک دروست بووە بۆیە دێنەوە بازاڕ بۆ کڕینی دۆلار، ئەمەش وایکردووە بەهای دۆلار بەرز ببێتەوە.