تورکیا دەستی خستە قوڕگی چۆلەکەکە

964+

هێمن بەکر

بەشێکی بەرچاو لەو کۆمپانیایانەی تورکیا کە ئینتەرنێت دابیندەکەن، بە فەرمانی حکومەتی ئەنقەرە، دەستیانکردووە بە سنووردارکردنی تویتەر.

دامەزراوەی چاودێریی و ئاساییشی ئینتەرنێت NetBlocks بڵاویکردووەتەوە، کە بۆیان دەرکەوتووە ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی شوباتی 2023، تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە تورکیا سانسۆر کراوە.

دامەزراوەکە دەڵێت، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بە فەرمانی حکومەتی تورکیا بەو هەنگاوە هەستاون، لەژێر پاساوی “بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست”.

رۆژی دووشەممە، 6ی شوباتی 2023، دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی 7.8 و 7.4 ناوەڕاست و باشوری رۆژئاوای تورکیا و باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریای هەژاند، کە تاوەکو ئێستا بەهۆیەوە 12 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزاری دیکە بریندارن.

بە وتەی دامەزراوەی NetBlocks، حکومەتی تورکیا بە فەرمی داوای لە تویتەر کردووە، رێکار بگرێتەبەر لە بەرانبەر هەژماری ئەو کەس و لایەنانە کە لە تویتەر “زانیاریی ناڕاست” بڵاودەکەنەوە.

ئەمە دوای ئەوە هات، کە بەشێکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی تورکیا رەخنەیان لە “خەمساردی” حکومەتەکەیان گرت و لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بە تایبەت تویتەر باسیان لەوەدەکرد کە وەکو پێویست نەهاتووە بە دەم بەرکەوتووەکانی بومەلەرزەکە.