خۆتان هەڵبوەشێننەوە
ئۆجەلان بۆ پەکەکە: چەک دابنێن
964+
وریا فەتاح
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا داواى لە پەکەکە کرد چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
کاتژمێر 5:00ـى ئێوارەى ئەمڕۆ، شاندى دەم پارتى بۆ ئیمراڵى، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆکى پەیامەکەى ئۆجەلانیان بۆ رایگشتى خوێندەوە.
لەسەرەتادا شاندى دەم پارتى بۆ ئیمراڵى، وێنەیەکى خۆیان و ئۆجەلانیان پیشاندا، لە وێنەکەدا ئۆجەلان کەوتووەتە ناوەڕاستەوە و لە دەستە راستییەوە پەروین بوڵدان و لە دەستە چەپییەکە ئەحمەد تورک دەبینرێت.
نزیکەى 10 ساڵە ئۆجەلان هیچ وێنەیەکى نوێى بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە لەم وێنە نوێیەدا پیرى رووخسارى داپۆشیووە.
دواتر ئەحمەد تورک بە کوردى و پەروین بوڵدان بە تورکى، ناوەڕۆکى پەیامەکەى ئۆجەلانیان خوێندەوە.
گرنگترین بڕگەکانى پەیامەکەى ئۆجەلان:
– دەبێت پەکەکە چەک دابنێت و بە کۆنگرە خۆى هەڵبوەشێنێتەوە.
– پێویستە پەکەکە گوێڕایەڵى بانگەوازەکەى من بێت و ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرم.
– پێویستە کورد و تورک بۆ مانەوە پێکەوە بژین.
– پێویستە تورکیا بەرەو دیموکرایى بڕوات و ئەو رێگەیە بگرێتەبەر.
– من عەبدوڵا ئۆجەلانم.
دەقى پەیامەکە وەکخۆى:
بانگەواز بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی
پەکەکە؛ لە سەدەی بیستەم دامەزراوە، تووندوتیژترین سەدەی مێژووە، ئەو ژینگەیەی کە پەکەکەی تێیدا دروست بوو، دوو شەڕی جیهانی، رەیال سۆسیالیزم و سەردەمی شەڕی سارد بوو لە جیهاندا، لەو زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە لە ئارادابوو.
لە رووی تیۆریی و بەرنامە و ستراتیژ و تاکتیکەوە، سیستەمی سۆسیالیستی راستەقینەی سەدە کاریگەری لەسەر ئەو دروستبوونە هەبووە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆی پاڵنەرە ناوخۆییەکان و داڕمانی ریال سۆسیالیزم و تێکچوونی نکۆڵی لە شوناس لە وڵاتدا و پەرەسەندنی ئازادی بیروڕا، بووە هۆکاری ئەوەی پەکەکە واتای خۆی لەدەستدا و خۆی دووبارە بکاتەوە، بۆیە ئەویش وەک ئەوانی تر کۆتایی تەمەنی هاتووە و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە.
پەیوەندی نێوان کورد و تورک؛ به درێژایی زیاتر له هەزار ساڵی مێژوودا، تورک و کورد بۆ بەردەوامیدان بە هەبوونی خۆیان و لە دژی هێزە هەژموونگەران بمێننەوە، هەمیشە به پێویستیان زانیوه به دڵخوازیی و بە هاوپەیمانیی بمێننەوە.
دوو سەد ساڵی ڕابردووی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئامانجی تێکدانی ئەم هاوپەیمانییە بووە، ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغەی چینی، خزمەتکردنی ئەوەیان کردووەتە بنەما، ئەم قۆناغە بە لێکدانەوەی یەک ڕەنگیی کۆمارەوە خێراتر بووە، ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین، سەرلەنوێ ڕێکی بخەینەوە.
ناتوانین لە ڕاستینەی پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی هەڵبێین، پەکەکە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیگەرانە و توندوتیژانەیە لە مێژووی کۆماردا، بەهۆی ئەوەی ڕێگای سیاسەتی دیموکراسی داخرابوو، پەکەکە بەهێزتربوو و پشتیوانی پەیدا کرد.
دەوڵەت نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەری کەلتووری، کە دەرەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستی توندڕەوە، ناتوانن وەڵامی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی مێژوویی بدەنەوە.
ڕێزگرتن لە ناسنامە، ئازادی بیروڕا، ڕێکخستنی دیموکراسیی، دروستکردنی کۆمەڵگای ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و فەزایەکی سیاسی بونیاد دەنرێت .
سەدەی دووەمی کۆمار تەنها بە تاجدار کردنی دیموکراسی دەبێتە خاوەن یەکێتی و بەردەوامیی هەمیشەیی، جگە لە دیموکراسی هیچ ڕێگایەکی تر نییە بۆ گەڕان بەدوای سیستمێک و جێبەجێکردنیدا، کۆدەنگی دیموکراتی میتۆدی بنەڕەتییە.
دەبێت زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیش بەگوێرەی ئەو راستییە پەرەی پێبدرێت.
ئەو بانگەوازەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانی دا و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی لایەنەکانی دیکە، ئەم پرۆسەیەیان خوڵقاندووە و منیش لەم پرۆسەیەدا داوای داماڵینی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم.
هەروەک چۆن هەموو کۆمەڵگا و پارتێکی هاوچەرخ کە بوونی خۆی بە زۆر کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵخوازی کۆنگرەی خۆتان ئەنجامبدەن و بڕیار بدەن؛ پێویستە هەموو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
سڵاوی خۆم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن.
من عەبدوڵڵا ئۆجەلانم