تا ئێستا نازانن لە کوێ دەبێت دەوام بکەن
نوێنەری 500 دامەزراوەکەی هەڵەبجە گردبوونەوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
دوای مانگێک لە راگەیاندن و گەڕانەوەی ناوی 500 کەس بۆ دامەزراندن لە بەڕێوەبەرایەتیە جیاوازەکانی ھەڵەبجە، ھێشتا دامەزراوەکان نازانن لە چی بەڕێوەبەرایەتیەک دەستبەکاردەبن و دەوام دەکەن بۆیە جارێکی دیکە گردبوونەوە.
سازان محەمەد، یەکێک لە دامەزراوان بە 964ـی وت “پێمان وتراوە کە ئەنجومەنی راژە سەرجەم رێکارەکانی تەواو کردووە، بەڵام ئێمە ھێشتا نازانین لە کوێ دەوام ئەکەین و دەوترێت کە چاوەڕوانی پۆستەی پارێزگاین بۆ ئەوەی ناوەکان بگەڕێنەوە، بەڵام لەوە تێناگەینکە بۆچی ئەم کەمتەرخەمیە چییە کە لە ئیدارەی پارێزگا ھەیە”.
لە کاتی گردبوونەوەکەدا ئیدارەی پارێزگا داوای کرد سێ نوێنەری دامەزراوان بچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگادا کۆببنەوە.
سۆما حەمە سەعید، یەکێک لەو سێ کەسەی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگادا کۆبوونەوە بە 964ـی وت، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، راستەوخۆ ئیدارەی پارێزگا پەیوەندییان بە ئەنجومەنی راژەوە کردووە و ئەوانیش وتوویانە بە زووترین کات ناوەکان دەنێردرێنەوە، ھیوادارین کە ئەمە راست بێت و ئێمەش بتوانین دەست بە دەوامی خۆمان بکەین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی