چەند رۆژێکی کەمی ماوە

وشکەسەرما کۆتایی دێت و بارانی باشیش بەڕێوەیە

شۆڕش قادری

لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا وشکەسەرماکە کۆتایی دێت و بۆ هەفتەی داهاتووش شەپۆلێکی بارانبارینی باش بەڕێوەیە.

محەمەد کەمال شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، “بەپێی پێشبینییەکان ئەم سەرماوسۆڵەیەی ئێستا لەرۆژدا تا سبەینێ پێنجشەممە 27.2.2025 دەمێنێتەوە و بەشەویش تا 3.3.2025 بەردەوام دەبێت”.

“شەپۆلێکی بەفر و بارانبارینی باش بەڕێوەیە و پێدەچێت لە 3 بۆ 5ـی مانگی داهاتوو بگاتە هەرێمی کوردستان و تا 9ـی مانگ بەردەوام دەبێت”، محەمەد کەمال وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو شەپۆلەدا بەفر تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بەفر و باران هەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و وشکەسەرمایەکی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و تا ئێستاش بەردەوامە.