ساغکردنەوە؛ شیرینییەکەی چەمچەماڵ بۆ دۆلار نەبوو

+964

هۆگر عەدنان -چەمچەماڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەناو بازاڕی دۆلارەکەی چەمچەماڵ، سینیەک پاقڵاوە دابەشکرا، لەچەند پەیجێکی قەزاکە وا بڵاوکرایەوە گوایە دابەشکردنی ئەو شیرینییە بە بۆنەی دابەزینی نرخی دۆلارەوەیە، تۆڕی 964 سۆراغی ئەو بابەتەی کرد وانەبوو.

دوای بەدواداچوون دەرکەوت، گەنجێک کە پیشەی مۆبایلفرۆشیە شیرینیەکەی دابەشکردووە، ئەو گەنجە شەوی پێشتر پرۆسەی مارەبڕینی ژنی ئەنجامداوە.

هاوڕێ کامەران، ئەو گەنجەیە کە شیرینیەکەی دابەشکردوە، بە تۆڕی 964ی وت “شەوی رابردوو چوومە نێو قەفەزی زێڕین، بۆیە سینیەک پاقڵاوەم بەسەر دوکاندارەکانی ئەو ناوە دابەشکرد، هیچ پەیوەندی بە هەرزانکردنی نرخی دۆلارەوە نەبووە”.

هاوڕێ کامەران تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتوی قەزای چەمچەماڵە، پیشەی فرۆشتنی مۆبایل و پێداویستیەکانی مۆبایلە، دوکانەکەی نزیک بازاڕی دۆلارەکەی شاری چەمچەماڵە.

بازاڕی دۆلارەکەی چەمچەماڵ