گەشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ شوێنی کۆنفڕانسەکە _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
باسە گەرمەکان چی دەبن؟
لە کەشێکی سارد نێچیرڤان بارزانی گەشتە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ هەینی و کاتژمێر 12:00 بە کاتی کوردستان، کارەکانی 61 هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستپێدەکات، بۆ ماوەی سێ رۆژ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە دەکرێ.
گەرچی ئەمڕۆ پلەی گەرمی میونشن، یەک پلە ژێر سفرە و بەفر و باران دەبارێ، بەڵام باسەکان لەو کۆنفڕانسە چڕ و پڕ و گەرمن.
بەیانی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان گەیشتە شوێنی کۆنفڕانسەکە، لەگەڵ ئەودا سەرۆک و سەرکردەی و پلەداری سەربازی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بڕیارە بەشداری کۆنفڕانسەکە بکەن.
دڵشاد شەهاب، وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان دەڵێ، نێچيرڤان بارزانى له ميانى سێ رۆژى كۆنفرانسه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له سه‌ركرده و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كه له كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌شدارن، چه‌ندين ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى ده‌بێت.
کۆبوونەوەکان بۆ ئەوە دەبن، ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان و دوا پێشهاته‌كان له ناوچه‌كه، گفتوگۆ بکات و بيروڕا بگۆڕنه‌وه.
چاوەڕوان کراوە لە کۆنفرانسەکەدا، پرسی غەزە و وادەی ئاگربەست، گۆڕانکارییەکانی سوریا و داخوازی بۆ وەستانی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراینا تاوتوێ بکرێ، بەو پێیەی بەشێک لە بەشداران بەرپرسانی سیاسی و سەربازی وڵاتانی جیهانن کە بەشداری دەکەن.