شارەوانیی سلێمانی - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
بڕیاری کۆتاییان لەسەر دراوە
مامەڵەی تاپۆکردنی نزیکەی دوو هەزار خانووی زیادەڕۆ لە سلێمانی تەواو بوو
964+
ژووری هەواڵ
نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتی داواکارییان پێشکەش بە شارەوانیی سلێمانی کردبوو بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکانیان، ئێستا مامەڵەکانیان تەواو بووە و شارەوانیی سلێمانی داوایانلێدەکات سەردانبکەن بۆ زانینی ئەنجامی داواکارییەکانیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.2.2025، شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، مامەڵەی تاپۆکردنی یەک هەزار و 743 خانووی زیادەڕۆ تەواو بووە و ناوی خاوەنەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بڕیاری کۆتاییان لەسەر دراوە.
مامەڵەکان هەموو سنوورەکانی شارەوانیی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و بەکرەجۆ و راپەڕین و تاسڵوجەی تێدایە و لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2019ـی هەموارکراو بڕیاری لەسەریان داوە.
سەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، رووبەری خانووەکان دەخەمڵێندرێن و بەگوێرەی ئەوە بڕە پارەیەک لە خاوەنەکانیان وەردەگیرێت بۆ تاپۆکردن.
ئەو هاوڵاتییانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە دەبێت سەردانی بەشی موڵکایەتی بکەن لە نهۆمی یەکەمی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەمەبەستی زانینی ئەنجامی داواکارییەکانیان.