ئەنجومەنی جوتیارانی پێنجوێن:

سکاڵا لەسەر هەر عەلوەیەک تۆمار دەکەین کە تەماتەی قاچاخ بهێنێت

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

لەمەودوا هەر قاتعێکی عەلوە بەرهەمی قاچاخ بهێنێت و زیان بە جوتیاران بگەیەنێت سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت، بەهۆی ئەوە ئەو عەلوانە دەبنە هۆی زیانگەیاندن و ماڵ وێرانی بۆ جوتیاران.

بەختیار قادر سەرۆکی ئەنجومەنی جوتیارانی پێنجوێن بە 964ـی وت، سەردانی عەلوەی سلێمانیان کردووە و چوونەتە ئەو عەلوانەش کە بە نایاسایی تەماتە هاوردە دەکەن و پێیان راگەیاندراوە ئەگەر بەردەوام بن، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەن.

” رێگە نادەین چەند عەلوەیەک ببنە هۆی ماڵوێرانی بۆ جوتیارانی کوردستان و بەردەوام چاودێریان دەکەین،  بەڵێنیشمان وەرگرتووە لەو خاوەن عەلوانە و ئەگەر بەردەوام بن لە سەرپێچیکردن، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە.” بەختیار قادر وای بە 964 وت.

هەر تەنیا سکاڵا نییە، ئەنجومەنی جوتیاران بایکۆتی ئەو عەلوانەش دەکەن، کە بەرهەمی قاچاخ دەفرۆشن و چیتر بەرهەمی ناوخۆییان پێنافرۆشن.

بەختیار قادر باسی لەوەشکرد، لە سەردانەکەیان بۆ عەلوەی سلێمانی داوایان لە سەندیکای عەلوە کردووە کار بکەن بۆ ئەوەی پشت ببەستن بە بەرهەمی ناوخۆ و واز لە بەرهەمی دەرەکی بهێنن.

رووداوی گیان لەدەستدانی رۆژنامەنووس وریا حەمە کەریم، لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بەهۆی ئەوەی ئەو بارهەڵگرەی رووداوی هاتوچۆکەی دروستکرد، بارێکی تەماتەی قاچاخی بارکردبوو، لەو رۆژەشەوە جوتیارانی پێنجوێن بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ وەستانی باری قاچاخ و دوێنێش لە سلێمانی سەردانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو بابەتە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

ژمارەیەک جوتیاری پێنجوێن؛ مەرز مەکەنەوە تەماتەمان ماو...

ژمارەیەک جوتیاری پێنجوێن؛ مەرز مەکەنەوە تەماتەمان ماوە