نەخۆشخانەی کۆیە رایگەیاندووە
23 کەس لە خۆپیشاندەکەی ئەمڕۆی دێگەڵە بریندار بوون
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە خۆپیشاندەکەی ئەمڕۆی فەرمانبەران و مامۆستایان لە بازگەی دێگەڵە، بە هۆی بەرکەوتنی خۆپیشاندەران بە گازی فرمێسکڕێژ کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی بازگەکەوە بەکارهات، 23 لە مامۆستا و فەرمانبەری خۆپیشاندەر برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەی کۆیە کراون و چارەسەریان بۆ وەرگیرا.
بە هۆی گازەکەوە تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی، سەرسوڕان و بوورانەوە ببوون، جگە لەوانەی سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، چەندین خۆپیشاندەری تریش تووشی هەمان حاڵەت ببوون، بەڵام سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە و لە دەرەوە چارەسەریان وەرگرتووە.
ئازاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە، بە 964ـی وت، دوای گەیاندنی ئەو خۆپیشاندەرانە بە نەخۆشخانە چارەسەری تەواویان بۆ ئەنجامدرا و بارودۆخیان و زۆر باشە و گشتییان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
وتیشی، ئەو خۆپیشاندەرانە بەرکەوتەی گازی فرمێسکڕێژ بوون، ئەو حاڵەتەی کە تووشیانبوو تەنگەنەفەسی، سەرسوڕان و بوورانەوە بووە، جگە لەوەش بە گشتی تەندروستییان باشە و زیانی زۆر بەر هەناسەدانیان نەکەوتووە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.2.9، ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان لە رێگەی کۆیەوە دەیانویست سەردانی هەولێر بکەن، بە مەبەستی گەیاندنی داواکانیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێگەیان لێگیرا و لە کۆتاییدا گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا