بێ ئەوەی ئاگادار بکرێنەوە
بەشێک لە خانەنشینان 100 هەزار دینار لە موچەکەیان بڕا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستان بۆ مانگی یەكی 2025 کرا و خانەنشینان هەر لە بەرەبەیانەوە چوونە بەردەم بانکەکان و نۆرەیان گرت، بەڵام بەشێک لە خانەنشینان کاتێک موچەکانیان وەرگرت، بینیان بڕی 100 هەزار دیناریان لێبڕاوە.
خانەنشینێکی گەرمیان بەدڵتەنگییەوە بە 964ـی وت، “بێ ئەوەی ئاگادارمان بکەنەوە 100 هەزار دینار لە موچەی هەموومان کەمکراوەتەوە و تووشی سەرسوڕمان بووین”.
وتیشی، “نازانین ئەم لێبڕینە هەر بۆ ئەم مانگەیە یا بۆ مانگەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت”.
سەبارەت بەو بابەتەش ئاریا ئەنوەر بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان بە 964ـی وت، “ئێمەش ئاگادارنین و ھیچ شتێک لەوبارەیەوە بە ئێمە نەوتراوە، لیستی موچە بەو شێوەیە ھاتووە بۆ بانک”.
بەپێی زانیارییەکانی 964 ئەو خانەنشینانەی کە سەروو یەک ملیۆن دینار وەردەگرن، لە موچەکانیان نەبڕاوە، تەنیا موچەی ئەو خانەنشیانە کەم کراوەتەوە کە لە چەند مانگی رابردوودا موچەکانیان هاوتای عێراق کراوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری