تاوەرەکەی گەڕەکی بەرانان خەریکە دەکەوێت

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە گەڕەکی بەرانان لە سلێمانی، زیاتر لە یەک مانگە ئۆتۆمبێلێک خۆی بە تاوەرێکی کارەبادا کێشاوە و لەوکاتەوە یەکێک لە پایەکانی تاوەرەکە شکاوە.

تاوەرەکە 15 مەتر بەرزە و نزیکەی سێ تۆن قورسە، تەنیا لەو کۆڵانەدا، کە تاوەرەکەی تێدایە 50 ماڵ دەژین و هەموویان لە ئەگەری کەوتنی، ترسیان لێنیشتووە.

رووداوەکە 28ی 12ی 2022 روویداوە، کاتێک ئۆتۆمبیلێکی جۆری تایبەت خۆی دەکێشێت بە تاوەرەکەدا، جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا، کە مانگی شوباتی 2023 یە، تاوەرەکە لەسەر سێ پایەی ماوەتەوە و مەترسی کەوتنی ھەیە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی 964ی وت، “بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزە لە سلێمانی شۆفێرەکەیان ئاڕاستەی دادگا کردووە، داوایان کردووە خەرجی چاککردنەوەی لە ئەستۆ بگرێت، چونکە بەرژەوەندیی گشتی پێشێل کردووە”.

گەڕەکی بەرانان، شەقامی عەلی ناجی و شارەوانی پێکەوە دەبەستێتەوە و کەوتووەتە سەنتەری شارەوە، ئەو تاوەرانەش وزە دەگوازنەوە بۆ فیدەرەکان و ئاستی وزەیان بەرزە.

سیروان محەمەد وتی، “نیگەرانی خەڵکی کۆڵانەکە لە جێگەی خۆیدایە، تیمەکان رادەسپێرین هەر لەگەڵ تەواوبوونی رێککارەکان لە رۆژی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوودا، دەستبکرێت بە چاکسازی لە تاوەرەکەدا، کێرڤی ئەم تاوەرانە بەرزە  و لە رادەی مەترسییەکەی تێدەگەین، بەڵام رێککاری دادگا دوایخستین”.