سێ و چوار مانگە موچەیان پێنەدراوە

کرێکارانى باخچە و نەخۆشخانەکانى راپەڕین گردبوونەوە

+964
محەمەد عەلی ــ راپەڕین

وەک ئەوەى خۆیان دەیڵێن، چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، هەربۆیە ئەمڕۆ کرێکارانی باخچەکان و نەخۆشخانەگشتییەکانی سنوری ئیدارەی راپەڕین، لە باڵەخانەى ئیدارەى راپەڕین گردبوونەوە.

کرێکارانى باخەچەکان چوار مانگ و کرێکارانى نەخۆشخانەکان سێ مانگە، موچەیان پێنەدراوە

سەرهەد سەردار، کرێکاری باخچەکانی قەڵادزێیە و بەشدارى گردبوونەوەکەى کردووە، بە 964ـی وت،” ئێمە نزیکەی 150 کارگوزارین گرێبەستمان لەگەڵ دوو کۆمپانیا کردووە و خزمەتى باخچەکان دەکەین و گرێبەستەکەشمان بۆ سێ ساڵە، بەڵام چوار مانگە موچەمان وەرنەگرتووە”.

وەک ئەوەى ئەو کرێکارە باسى دەکات، بیانوى کۆمپانیا بۆ پێنەدانى موچەکانیان ئەوەیە کە حکومەت پارەیان بۆ خەرج ناکات.

روونیشى کردەوە، موچەکەیان کەمە و 300 هەزار دینارە، هەموو رۆژێک کار دەکەن و هیچ داهاتێکى دیکەشیان نییە، بۆیە دۆخیان خراپە و توشى نارەحەتى بوون.

فاتیمە قادر کرێکارى پاککردنەوەى نەخۆشخانە گشتییەکانە، ئەو بە 964ـى وت،”سێ مانگە موچەمان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا موچەکەمان 300 بۆ 350 هەزار دینارە، بەڵام ئەوەندەش بەزۆر دەزانن و پێمان نادەن”.

لاى خۆیەوە رێباز پیرۆت، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى شارەوانییەکانى راپەڕین بۆ 964 لەبارەى کێشەى ئەو کرێکارانەوە قسەى کرد و وتى،”کرێکارى باخچەکانى موچەى مانگەکانى 10 و 11 و 12ـى ساڵى پار و مانگى یەکى ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، بەهۆى ئەوەى پارە لە بانکدا نەماوە بدرێت بە کۆمپانیا”.

دەشڵێت: لەهەوڵداین کێشەکەیان چارەسەر بکەین، بەڵام ئاسان نییە و نازانین کەى چارەسەر دەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

رێکارێکى گرنگ بۆ پاراستنى کرێکاران دەگیرێتەبەر

رێکارێکى گرنگ بۆ پاراستنى کرێکاران دەگیرێتەبەر