چوار هۆکار گەڕانەوەی سەخت کردووە

لە هۆڵەوە بۆ موسڵ؛ 148 خێزانی دیکەی چەکدارانی داع-ش گەڕانەوە

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و ئاوارە لە نەینەوا، گەڕاندنەوەی 148 خێزانی داع-شی لە کەمپی هۆل-ی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە، لەدوای تەواوکردنی پرۆسەی پشکنینی ئەمنی و دڵنیابوون لەوەی کە گەڕاوەکان دەستیان لە کەیسی تیرۆریستی نەبووە و لەلایەنی ئەمنییەوە داوا نەکراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، خالید عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری لقی نەینەوا لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەران و ئاوارەبوون بە پێگەی بغدادالیوم ی وتووە، ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە لە سەنتەری پاڵپشتی دەروونی لە کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ نیشتەجێ بوون، لەوێ پرۆگرامی چاکسازییان بۆ ئەنجام دەدرێت پێش ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئامانجی پرۆگرامەکە دووبارە تێکەڵکردنەوەی خێزانەکانە لە کۆمەڵگای عێراقی لە رێگەی پاڵپشتی دەروونی و دانیشتنی هۆشیاری رۆشنبیری و هەروەها پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، سەرەڕای جەختکردنەوەی حکومەتی عێراق لەسەر هەنگاوی ئەنقەست بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، بەڵام بەڕای کۆچبەرانی عێراق ئاستەنگی بنەڕەتی ماوە کە رێگرە لە پرۆسەی چاکسازی و تێکەڵبوونەوە لە کۆمەڵگا، لەوانە:

  • رەتکردنەوەی کۆمەڵگا
  • رێوشوێنەکانی پشکنینی ئەمنی
  • لایەنی دەروونی
  • ترس لە چەوساندنەوەی سیاسی
  • حکومەتی عێراق، دەیەوێت لە چەند مانگی داهاتوودا دۆسیەی عێراقییەکان لە کامپی هۆڵ بە یەکجاری دابخات، چونکە راپۆرتەکان دەڵێن نزیکەی 25 هەزار عێراقی هێشتا لە کەمپەکەدا ماونەتەوە.