"بی وەستێنە"

کوردانی پەنابەر لە بەریتانیاوە نامەیەک بۆ سودانی دەنێرن

964+
ئەحمەد مستەفا

ژمارەیەک پەنابەری کورد و چالاکوان، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن و دوو شاری دیکەی بەریتانیا لە یەک کاتدا گردبوونە، ئەوان دژ بە دیپۆرتکرانەوەی پەنابەرانن، داواکارییەکیان گەیاندە باڵیۆزی عێراق لە لەندەن تا بیدات بە سودانی.

یەکێک لە بەشدارانی گردبوونەوەکە، بۆ 964 ناوەڕۆکی داواکارییەکی ئاشکراکرد و وتی، داواکراوە باڵیۆز، نامەکە راستەوخۆ بدات بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، و تێیدا نوسراوە، رێکەوتنەکەی لەگەڵ بەریتانیا بوەستێنێ.

عێراق بە واژۆی سودانی و بەریتانیا بە واژۆی ستارمەر، رێکەوتنێکی هاوبەشیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانەی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی یان، داوایەکیان نییە و یان داواکانیان رەتکراوەتەوە بۆ وەرگرتنی ئیقامە و لە بەرامبەردا بە رەخساندنی هەلی کار دەیانگەڕێننەوە وڵاتەکەیان.

ئەم رێکەوتنە نیگەرانی دروست کردووە لەلای کوردانی بەریتانیا، بەوپێیەی ئەوانیش هەڵگیر رەگەزنامەی عێراقین، ئاوات جەمال ساڵح، چالاکوان و بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی 17ی شوبات بە 964ی وت، لە شاری لەندەن و لە بەردەم باڵوێزخانەی عێراق، لە شاری مانجستەر و لە بەردەم کونسوڵگەری عێراق و لە نیوکاسڵ لە سەنتەری ئەو شارە کوردانی پەنابەر لە بەریتانیا گردبوونەتەوە و رێکخراوەکەمان وەک لایەنی پاڵپشتیکار و رێکخەر بەشداری کردووە.

چالاکوان و کوردانی پەنابەر نامەیەکیان ئاڕاستەی باڵیۆز عێراق لە لەندەن، محەمەد جەعفەر سەدر کردووە، ئاوات جەمال وتی، نامەیەکی ناڕەزایی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی پێشکەش بە باڵوێز کراوە لە لەندەن و کونسوڵگەری عێراق لە مانجستەر، داواکراوە لە رێگەی ئەوانەوە داواکارییەکەیان بگەیەنن بە خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق، “کە ئەو رێککەوتننامە بوەستێنن و رەزامەند نەبن بە گەڕاندنەوە و وەرگرتنەوەی پەنابەرانی عێراقی”.

دیمەنی گردبوونەوەی پەنابەرانی کورد؛