رێکخەری سەنتەری میترۆ:

“پێویستە میدیا بكرێتە شەریكی حكومەت بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی”

946+

دیلان محەمەد

ئەمڕۆ شەممە 18.1.2025 سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەوانان، ئاماری پێشێلكارییەكانی ساڵی 2024ی دەرهەق بە رۆژنامەنووس و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاوكردەوە، رێكخەری سەنتەرەكەش دەڵێت، پێشێلكارییەكان بەراورد بە ساڵی 2023 كەمی كردووە.

پێشێلكارییەكان لە نامیلەكەیەكدا چاپكراون و ئەمڕۆش سەنتەری میترۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەشێكی زانیارییەكان خرانەڕوو.

رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ 964 تایبەت قسەی كرد و ئاماژەی بەوە دا، ئاستی پێشێلكارییەكانی 2024 بەراورد بە 2023 كەمی كردووە، ئەمەش ئاماژەیەكی باشە.

وتیشی، حكومەت گوێمان لێدەگرێت، پێشكەوتنیش لە كەمبوونەوەی پێشێلكارییەكان هەیە.

رەحمان غەریب لە مایك 964ـەوە رووی كردە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و وتی، ئەو لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا بنبڕكردنی گەندەڵی راگەیاندووە، پێویستە میدیاش بكرێتە شەریكی حكومەت بۆ لەناوبردنی گەندەڵی، ئەویش بە پێدانی زانیاری.

هەروەها ئەوەشی باس كرد، پێویستە هەواڵی چالاكییەكانی حكومەت فرەڕەنگ بێت و بۆ هەموو میدیاكان بێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا