دواین 15 خێزان بوون
پاش سێ مانگ سەرجەم ئاوارە لوبنانیەکان خانەقینیان جێهێشت
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
ئەم بەرەبەیانە سەرجەم ئەو خێزانە لوبنانیانەی ئاوارەبوون و روویانکردبووە قەزای خانەقین گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
لە 24.10.2024 یەکەمجار 10 خێزانی ئاوارەی لوبنانی روویانکردە خانەقین و دواتر ژمارەکە زیادی کرد و ماوەی سێ مانگە ماونەتەوە و ئێستاش لەگەڵ هێوربوونەوەی بارودۆخەکە گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
شێخ حسێن مەندەلاوی یەکەم کەس بوو لە خانەقین کە جێگای ئەو خێزانە لوبنانییانەی کردووتەوە و بە 964ـی وت، هەر لە سەرەتای هاتنی ئەو میوانە لوبنانییانە خەڵکی خانەقین بە باشترین شێوە پێشوازییان لێ کردوون، هەر ەو ماوەدا نزیکەی 70 خێزان هاتوونەتە خانەقین شوێنی مانەوەیان بۆ دابینکردن و بەشێکیشیان دەستیان کردووە بەکارکردن.
سەید عەلی یەکێکە لە ئاوارە لوبنانیەکان بە 964ـی وت، “باشترین پێشوازیمان لێکرا هەر لەیەکەم رۆژەوە کە هاتینە ئەم شارە و هەرچی بکەین ناتوانین چاکەی ئەم خەڵکە بدەینەوە، ئێمە لە ماڵی خۆمان بووین و ئێستاش دووبارە بۆ ماڵی خۆمان دەگەڕێینەوە پاش ئەوەی دڵنیا بووین کە بارودۆخەکە ئارام بووەتەوە”.
خالد مەجید فەرمانبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی خانەقینە بە964ی وت، دواهەمین 15 خێزان لە خانەقین ئێستا بەڕێدەکەون و بەرەو بەغدا دەچن و حکومەتی عێراق تەواوی رێکارەکانی گواستنەوەی گرتووەتە ئەستۆ و لە سەر حسابی حکومەت لە بەغداوە بە فڕۆکە بەرەو لوبنان دەچنەوە و پاش ئەم چەند خێزانە ئیتر هیچ لوبنانییەکی ئاوارە لە خانەقین نامێنێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی