پێشتر له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین نه‌بووه‌

کوشتارگەی ئاژەڵانی قەڵادزێ بووه‌ خاوه‌ن كوره‌یه‌ك بۆ له‌ناوبردنى پاشماوه‌كان

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

بۆ یەکەمجارە لە کوشتارگەی ئاژەڵان لە قەڵادزێ ئامێری کورە دادەنرێت بۆ لەناو بردنی گۆشتی نەشیاو زیادە، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پشدەریش دەڵێت، ئامێره‌كه‌ بەشێوەیه‌كی تەندروست پاشماوەكان لەناو دەبات.

ئامێرەکە، پێی دەڵێن کورە، گەرمیەکی بەهێزی هەیە، لە ماوەی نزیکی یەک کاتژمێردا توانای سووتاندنى 200 کیلۆ گۆشت و پاشماوه‌ى هه‌یه‌، ئامێرەکە لەکاتی سوتاندنیدا هیچ دوکەڵێک یان گازێکی ژەهراوی ده‌رناكات.

لەسەر داوای ڤێتێرنەری قەڵادزێ  و لەلایەن قایمقامییەتی قەزای پشدەرەوە ئامێره‌كه‌ به‌ بڕی نزیکه‌ی 14 ملیۆن دیناری دابینكراوه‌.

شەهرام محەمەد، بەرپرسی هۆبەی ڤێتێرنەری پشدەر بە 964ـی وت، لە هەموو ئیدارەی راپەڕین یەکەمجارە ئامێرێكی لەناوبردنی پاشماوەی زیادە و بێ کەڵک لە کوشتارگە دابنرێت.

وتیشی “گۆشتی تێکچوو و نەشیاو له‌ناو ئه‌م کورەیەدا دەکرێت بە خەڵوز و ژینگەش پیس نابێت و مه‌تنرسی بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیش نامێنێت”.

رۆژانە لە کوشتارگەی قەڵادزێ رەشەوڵاخ، مەڕ و بزن سەردەبڕێن، زۆرجار لەو لاشانە گۆشتی نەشیاو خراپ هەیە و کۆدەکرێتەوە، کە بوو بە 200 کیلۆگرام، بەو ئامێرە دەسوتێنرێت، شه‌هرام ده‌ڵێت “پێشتر فڕێمان دەدا و مادەیەکی تایبەتمان پێدا دەکرد بۆئەوەی رێگری بکات لە دروستبونی نەخۆشی، یان ژێر خاک دەکرا”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە ساڵی 2024 دا رێژەی کوشتاری ئاژەڵ دابەزیوە

لە ساڵی 2024 دا رێژەی کوشتاری ئاژەڵ دابەزیوە