کارەبا لەسەر رانیە و قەڵادزێ دەکوژێننەوە؟
خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان: نەک ئامبوڵانس رێگە نادەین پایسکلیش بڕوات
964+
وریا فەتاح
خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان بەردەوامن لە داخستنى رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکان، دەشڵێن: نەک ئامبوڵانس، رێگە بە هاتوچۆى پایسکیلیش نادەین.
هەشت رۆژە بەشێک لە دانیشتوانى دۆڵى خەلەکان کە لە ناحیەى خەلەکان و 13 گوند پێکهاتوون، رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکان کە رێگاى سەرەکى بەیەکەوەستنى ئیدارەى راپەڕینە بە سلێمانى، دایانخستووە.
محەمەد حوسێن، یەکێک لە سەرپەرشتیارانى خۆپیشاندانەکەیە بە 964ـى وت،”بەردەوامین و بەردەوامیش دەبین تا ئەو کاتەى وەڵامێکى دروستمان دەدەنەوە و دەست بە کارکردن دەکرێتەوە لە پڕۆژەى دووسایدى چوارقوڕنە بۆ دووکان”.
باس لەوەش دەکات، تائێستا هیچ بەرپرسێک کە تواناى وەڵامدانەوەى داواکاریی ئەوانى هەبێت، بە دەمیانەوە نەهاتووە.
لە بارەى دەنگۆى کوژاندنەوەى کارەباى ئیدارەى راپەڕین لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، ئەو سەرپەرشتیارە رەتى کردەوە بەرنامەیەکى ئاوایان هەبێت و وتى،”ئەگەر کارەبا لەسەر خەڵکى رانیە و قەڵادزی بکوژێنینەوە کە واتا هیچمان نەکرد و لەسەر خۆمانمان کوژاندووەتەوە”.
“هەشت رۆژە رێگە بە هاتوچۆى هیچ ئۆتۆمبێلێک نادەین، تەنانەت ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکانیشمان ئاگادار کردوونەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک بە رێگەکەدا نەیەن، چونکە رێگە بە تێپەڕبوونى پایسکیلیش نادەین”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دانیشتووانى ناحیەى بنگردیش گردبوونەوە و رێگەى دەربەند بۆ دوکانیان داخست، بەمەش هەردوو رێگەى سەرەکى کانى وەتمان و قەرەسرد، بەڕووى هاوڵاتیانى ئیدارەى راپەڕیندا داخراون، کە دەیانگەیەنێت بە سلێمانى.