بەغدا دەڵێت ناردومە و هەرێم دەڵێت نەیناردووە

موچەى مانگى 12 لە قوڕگى شێردا

964+

وریا فەتاح

لە کۆبوونەوەى دوێنێیدا لەگەڵ لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق، وەزیرى دارایى هەرێمى کوردستان وتویەتى، سەرجەم موچەى ساڵى 2024ـى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیان ناردووە کە 11 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتى دارایى هەرێم دەڵێت، موچەى مانگى 12ـى نەناردووە و تەنیا 10 ملیار و 576 ملیۆن دینار و قسورێکى ناردووە.

دوێنێ شەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی 2025 و دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران، میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی کرد .

بەپێى راگەیەنراوى لیژنەى دارایى، تایف سامى روونى کردووەتەوە کە یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکانى بەردەم وەزارەتەکەى جێبەجێکردنى بودجەى 2024 و کورتهێنانەکەى بووە، ئەوەش لە ئەنجامى پێدانى 11 ترلیۆن دینار بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

تایف سامى وتوشیەتى، “دەسەڵاتداران لە کوردستان داهاتى نەوت و ناوەتى هەرێمیان رادەستى ناوەند نەکردووە، ئەمەش رەنگدانەوەى نەرێنى لەسەر جێبەجێکردنى یاساى بودجە هەبووە، چونکە داهاتى نانەوتى هەرێم زیاتر لە 4 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام تەنیا 320 ملیار دیناریان ناردووە”.

موچەى مانگى 12

بەغدا: ناردومانە

هەولێر: نەیناردووە

لەبارەى موچەى مانگى 12ـەوە، تایف سامى وتویەتى، وەزارەتى دارایى تەواوى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى بۆ ساڵى 2024 دابین کردووە.

لەسەر ئەو بابەتە، 964 قسەى لەگەڵ هونەر جەمال وتەبێژى وەزارەتى دارایى هەرێم کرد و پرسیارى موچەى مانگى 12ـى لێکرد، ئەو وێراى دوپاتکردنەوە لەسەر ئەوەى کە بەغدا نەیناردووە، جەختى لەسەر ئەو راگەیەنراوە کردەوە کە لە 2.1.2025 وەزارەتەکەى بڵاوى کردووەتەوە.

“سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بوودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق و بەدەرکردنی لەهەر کێشە و گرفتێکی تر، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بوودجە بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و  رێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی(2024 )، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت”، وەزارەتى دارایى وا دەڵێت.

روونیشکراوەتەوە کە  کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لەهەردوو بڕگەی ( تعویضات الموضفين ) و ( الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة ) بۆ ساڵی 2024 بریتیی بووە لە 11 ترلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335 هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی رابردوو نزیکەی 12 ترلیۆن دیناربووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها 10 ترلیۆن و 752 و 582 ملیۆن و 558 هەزار و 480 دینار خەرج کراوە.

هەرچەندە بەغدا دەڵێت تەواوى پارەى موچە ساڵى 2024یان بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام وەزارەتى دارایى هەرێم دەڵێت، سەروو 823 ملیاریان لاى بەغدا ماوە.

سەبارەت بە داهاتى ناوخۆى هەرێم کە بەغدا دەڵێت سەروو 4 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتى دارایى هەرێم لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، بە نەشارەزایى قسەى لەسەر دەکەن و بۆ موزایەدەیە دەنا لە مانگى 5ـى ساڵى رابردوو هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێکەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کەبڕەکەی 399 ملیار و 168 ملیۆن و  و 961 هەزار دینار بووە،  تا ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کراو بەناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە.

بۆ روونکردنەوە لەسەر کورتهێنانى موچەى فەرمانبەرانى پڕکردنەوەى بە داهاتى ناوخۆ، وەزارەتى دارایى هەرێم دەڵێت دەڵێت: بۆ مووچەی مانگی 10، داواى 999 ملیار و قسورێکیان لە بەغدا کردووە، بەڵام ئەوانە 760 ملیار و کەسرێکیان ناردووە، بەمەش 239 ملیار کورتهنان هەبووە لە داهاتى ناوخۆ پڕکراوەتەوە.

بۆ موچەى مانگى 11، هەرێم پێویستى بە نزیکەى 1 ترلیۆن دینار بووە و وەزارەتى دارایى عێراق 631 ملیار و شتێکى ناردووە، هەروەها بۆ مووچەی مانگی دوانزە، هەرێم پێویستى بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنیا 441 ملیار دینا داوە.

بەپێى روونکردنەوەکانى وەزارەتى دارایى هەرێم، بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنیا 1 ترلیۆن و 833 ملیار و شتێکى ناردووە، بەمەش یەک ترلیۆن و 167 ملیارى لە تەمویلى هەرسێ مانگەکە بڕیوە.

جەختیشکراوەتەوە، موچەى مانگى 12 لە ئەستۆى حکومەتى عێراقە و ئەوانیش دەڵێن، موچەى هەموو مانگەکانیان ناردووە بە مانگى 12شەوە.