گرافیک: 964+
بەڵێ ئامادەین
حکومەتى هەرێم ئامادەیە داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا بکات؟
964+
وریا فەتاح
جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوە نائاساییەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران، بە سەرۆک وەزیرانى هەرێمى وتووە،”ئامادەن داهاتى ناوخۆ رادەستى حکومەتى ناوەندى بکەن؟، لەوەڵامى ئەمەدا مەسرور بارزانى وتوییەتى،”بەڵێ، ئامادەین تەواوى داهاتى ناوخۆ و نانەوتى رادەست بکەین”.
ئەمڕۆ شەممە 11.1.2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە نوسینێکدا باسى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى کردووە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانم وتووە ئامادەن داهاتى ناوخۆ رادەستى حکومەتى ناوەندى بکەن؟.
“لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم وتویەتى، بەڵێ ئامادەین تەواوی داهاتی ناوخۆ و نانەوتی رادەستی حکومەتی ئیتحادی بکەین لەبەرامبەردا حکومەتی ئیتحادی تەنها موچەو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت”. شاخەوان عەبدوڵا واى نوسیووە.
باسى لەوەشکرد، هەر لە وەڵامەکەدا مەسرور بارزانى وتویەتى،”تەنانەت حکومەتى ناوەندى با بودجەى وەبەرهێنانیش نەنێرن و تەنها موچە بنێرن، ئێمە ئامادەین نیوەى داهاتى ناوخۆ دەنێرین و ئەمەشمان پەیڕەو کردووە تا مانگى 10 کە ئەوان موچەیان بڕى”.
“ئەم پەیامە بگەیەنن بە سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى دارایى و سەرپشکبن لەسەر ئەو بنەمایە هەر رێککەوتنێک دەکەن”، مەسرور بارزانى واى بە شاخەوان عەبدوڵا وتووە.
جێگرە کوردەکەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئاماژە بەوەشدەکات، دواى گەیاندنى ئەو پەیامە بە حکومەتى ناوەندى، ئیدى هیچ بیانویەکیان لەبەردەمدا نامێنێتەوە بۆ بڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم.