وتەبێژی حكومەتی هەرێم:

ئەو دۆخەی ئێستا هەیە زەلیلكردنی خەڵكی كوردستانە و هەر رێگەیەكی دیكە هەڵبژێرین لەوە باشترە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی كورد لە بەغدا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد و ئاماژە بەوە دەكات، “بەغدا وتی پارەی موچەی 12 دەنێرین، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەناردووە”.

هەورامانی وتی، لە كۆبوونەوەكە نوێنەرانی كورد راسپێردران، كە پەیامی حكومەتی هەرێم بگەیەننە حكومەتی فیدراڵی و چەند بڕیارێك بۆ ئەمە درا.

لە بڕیارەكاندا داوا كراوە، لە 2025 زامنی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بكرێت و كێشەی بۆ دروست نەكرێت، هەروەها ئەگەر یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە، دەبێت لە ماددەكانی تایبەت بە كوردستان، هەرێمی كوردستان قسەی خۆی هەبێت.

وتیشی، ئەگەر ئەو بابەتانە چارەسەر نەكرێت، ئەوكات هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت.

هەروەها وتی، هەرێمی كوردستان لە 2026 داوای موچە ناكات، دەبێت حكومەتی عێراق بودجەی بۆ بنێررێت، چونكە نابێت هەرێم وەك پارێزگا سەیر بكرێت و نابێت غەدر لە خەڵكی كوردستان بكرێت.

“هیچ حەق و مافێكی كوردستان جێبەجێ نەكراوە، ئەوەی تا ئێستا نێردراوە سەدا حەوتە، لە كاتێكدا مافی بودجەی كوردستان 12.6%ـە”، وتەبێژی حكومەتی كوردستان وای وت.

هەروەها دەڵێت، كوردستان هەموو شتێكی كردووە بۆ بەغدا، بەڵام بەغدا ئەوەی نەكردووە، كە پێوسست بووە بۆ هەرێم بیكات، ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، زەلیلكردنی خەڵكی كوردستانە و هەر رێگەیەكی دیكە هەڵبژێرین لەوە باشترە.

لە بارەی چارەنووسی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، هەورامانی ئاشكرای كرد، هەموو شتێك لە بارەی موچەی 12 رادەستی بەغدا كراوە و لە لیست و پێداچوونەوە، بەغداش وتی پارەی موچەی مانگی 12 دەنێرین، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەناردووە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە بارەی مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكە و كەیسەكانی دیكە لە عێراق، وتی، دەمانەوێت پرسیار بكەین ئایا حكومەتی عێراق دەتوانێت داوای لیستی موچەی حەشدی شەعبی بكات، یان داوای داهاتی سنوورەكانی خۆی بكات.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان لە هەولێر كرا و زیاد لە چوار كاتژمێری خایاند.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فراكسیۆنە...

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەڕێوەدەچێت