داوا دەکەن چارەنوسیان یەکلا بکرێتەوە
نوێنەری دامەزراندنی 614 کەسەکەی ھەڵەبجە دژی دواکەوتنی پرۆسەکە گردبوونەوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
ئەمڕۆ لە بەردەم پارێزگای ھەڵەبجە نوێنەری ئەو 918 کەسەی کە کاندیدن بۆ دامەزراندن بۆ سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی پارێزگای ھەڵەبجە، دژی دواکەوتنی راگەیاندنی کۆتایی ناوەکانیان گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
شادمان محەمەد، نوێنەری کاندیدەکان بە 964ـی وت، ”ناوی کاندیدەکان لە ئەنجومەنی راژە، ھەموو رێکارەکانی تەواو کراوە و ئامادەیە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام پرۆسەکە زۆر دوا کەوتووە، داوامان ئەوەیە کە پەلە بکرێت لە راگەیاندنی ناوەکان و کۆتایھێنان بە پرۆسەکە.
سۆما حەمە سەعید یەکێکی دیکەیە لە کاندیدەکان و لەگەڵ دایکی ھاتووە بۆ گردبوونەوەکە و بە 964ـی وت، ”داواکارین لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ھەرچی زووە، ئەو ناوانە راگەیەندرێن، ھەتا لەو قەلەقیە رزگارمان ببێت، چونکە بە ھۆی دواکەوتنی ناوەکان تووشی حاڵەتێکی دەروونی زۆر ناخۆش بووین”.
لای خۆشیەوە شاھین حەمە رەزا، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند:” بەردەوام بەدواداچوونمان ھەیە بۆ پرۆسەکە و بەردەوام لەسەر ھێڵین ھەم لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و ھەمیش لەگەڵ ئەنجوومەنی راژە، ئەوەندەی لە تواناماندا بێت گرنگی بە بابەتەکە دەدەین، تا ھەرچی زووە ناوەکان رابگەیەندرێن”.
مانگی دووی ساڵی رابردوو سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا کە 500 کەس بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی ھەڵەبجە دابمەزرێن، دواتر ژمارەکە زیادکرا بۆ 614 کەس، و سەرەتای مانگی نۆی ساڵی رابردوو ئیمەیڵ بۆ 918 کەس نێردرا کە زانیارییە کەسیەکانی خۆیان بنێرن بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی زانیارییەکان و دواتر پاکتاوکردنی ناوەکان، بەڵام چوار مانگ بەسەر ئەو پرۆسەیەدا تێپەڕیووە و ھێشتا ناوی ئەو 614 کەسە رانەگەیەندراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی