هەفتەیەکە ئاوی سلێمانی هۆکاری شکانی بۆڕی ئاوی قولەرەیسی سەرچناریان نەدۆزیوەتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

شکانی بۆرییەک ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ رێگەی قولەرەیسی – سەرچنار دروستدەکات، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت تائێستا شکاوییەکەمان نەدۆزیوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، هۆشداری داوەتە شۆفێران ئەو رێگەیە کەمتر بەکاربهێنن، چونکە بەهۆی ئیشکردن تیایدا شەقامەکە تەسکبووەتەوە و قەرەباڵغی دەبێتە هۆی ئاستەنگ.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بۆ تۆڕی 964ی ئاماژەی بەوەدا کە شکانێک لە بۆرییەک هەیە لەوێ، چەند رۆژێکە تیمەکان خەریکن، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

دەشڵێت: ئاوی قولەرەیسی لەسەر ئەو هێڵەیە و بڕیومانە و لەرێگەی هێڵێکی دیکەوە ئاومان بۆ دابینکردوون.

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دڵنیایی دەدات، هەرکات شکانەکە دۆزرایەوە لە ماوەیەکی کورتدا چاکدەکرێت و شەقامەکە کێشەی نامێنێت.